سەردێر

“كۆمەڵگای نێودەوڵەتی پشتیوانی هەڵبژاردنی نوێ ناكات لە عێراق”

خەڵك-
هاوتەریب لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەمانی گەرما، شەقامی عێراقی دەكوڵێت و هەردوو بەرەی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی گەیشتوونەتە بنبەست بۆ چارەسەركردنی دۆخی سیاسی وڵات و پێكهێنانی حكومەت، دواین پەیامیش لە سەدرەوە هەڵبژاردنی پێشوەختە و هەڵوەشاندنەوەی پەڕلەمانی ئێستایە و هەر بەوەش ڕازی دەبێت و جۆش و خرۆشی خۆپیشاندەران سارد دەكاتەوە.

لەبەرامبەر داواكارییەكەی موقتەدا سەدر بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە بەرامبەر بە كۆتایی هێنان بە خۆپیشاندان، كە چەند ڕۆژێك لە پەڕلەمان و چەند ڕۆژێكیش لە دەرەوەی پەڕلەمان بارگە و بنەیان لێ‌ خستووە، هەریەكە لە حەكیم و عەبادی و مالكی، كە پێكهێنەری سەرەكی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی و بەرەی دژن و بەشێكی دیكەی حزبەكانی عێراق ڕازین بە هەڵبژاردنی پێشوەختە، بەلام هەندێك ڕەتی دەكەنەوە.

لەو نێوەندەدا، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ساردكردنەوەی شەقامی توڕەی عێراقی و ئەنجامدانی مامەڵەیەكی سیاسی لەگەڵ سەدر و پاشگەزكردنەوەی لە هەڵبژاردن و بەردەوامیدان بە حكومەتەكەی كازمی هاتوونەتە سەر خەت و دەیانەوێت لەم دۆخە ئاڵۆزەی جیهانی و داڕشتنەوەی نەخشەی جیهانی و ناوچەكە عێراق سەقامگیر بێت و لەلایەك كۆتایی بهێنن بە هەژموونی ئێرانی لە عێراق و لەلایەكی دیكە حكومەتێك بهێننە ئارا بە خواستی خۆیان بێت وەك چۆن لە دوو هەفتەی ڕابردوودا و لەكاتی هاتنی بایدن بۆ سعودیە و كەنداو، عێراق هێنرایە ناو ئەوبەرەیە، كە پێدەچێت لە داهاتوودا پێكهێنانی “ناتۆی عەرەبی” لێ‌ بكەوێتەوە.

سەردار عەزیز، لێكۆڵەر و شرۆڤەكاری سیاسی بە ئاماژەكردن بە چوونی بلاسخارت بۆ لای سەدر لە حەنانە لە نەجەف دەڵێت: “وەها دیارە نە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و نە نەتەوەیەكگرتوەكان لەگەڵ ئەوەدانین، كە عێراق هەڵبژاردن دوبارە بكاتەوە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بڕوایان وەهایە، كە كێشەكانی عێراق لە هەڵبژاردندا نیە و بە هەڵبژاردن چارەسەر ناكرێن، بە تایبەتی كاتێك ڕوونە، كە هەڵبژاردن گۆڕانكارییەكی گەورە لە سەنگی هێزەكاندا دروست ناكات. بە هەمانشێوە پاش ڕاڤەی دادگای فیدڕاڵی بە پێویست بونی ٢٢٠ ئەندام پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك، هیچ هێزێك یان هیچ هاوپەیمانییەك بە ئاسانی ئەو ژمارەیەی بۆ كۆ نابێتەوە.

جەختیشی كردۆتەوە، پرسەكە زیاتر سیاسیە و هەڵبژاردن چارەسەری ناكات. ڕەنگە ئەم مەحاڵیە ببێتە هۆكاری ئەوەی، كە هەموو هێزەكان پشتگیری خۆیان بۆ هەڵبژاردن دەردەبڕن، چونكە دەزانن نابێت یان ناكرێت. ئەمە سەرباری ڕێگرە دەستوری و یاساییەكانی تری.