سەردێر

حكومەتی هەرێم داهاتی گومرگ و باج ئاشكرا دەكات

خەڵك-
حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەنگاوی گەورەی لەبواری كۆكردنەوەی داهاتی ناوخۆ ناوەو لەو ڕوەشەوە فەرمانگەی میدیاو زانیاریی ئەنجومەنی وەزیران ئاشكرایدەكات، تەنها داھاتی شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵی گومرگ 848 ملیار دینار بووەو زیاتر لە418 ملیاریش لەوەرگرتنی باج كۆكراوەتەوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوێك كە لەلایەن فەرمانگەی میدیاو زانیاریی حكومەتی هەرێمەوە بڵاوكرایەوە، چاكسازییەكان كاریگەری زۆری لەسەر كەمكردنەوەی خەرجییەكان‌و زیادكردنی داهاتەكان هەبووە، بەتایبەت لەبواری باج‌و گومرگ‌و لەئێستاشدا داهاتی باج‌و گومرگ بەبەراورد بەساڵانی ڕابردوو چەند بەرامبەر زیادبووە، بەبێئەوەی هیچ بڕێك لەوەرگرتنی باج زیادكرابێت.

هەر لەڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، بەپێی داتاكان لەوەزارەتی دارایی داهاتی گومرگ چەند بەرامبەر زیادیكردووە بەشێوەیەك لەساڵی 2016 داهاتی گومرگ 0.563 ترلیۆن دینار بووە، لەساڵی 2017 بووە بە0.746 ترلیۆن‌و لە2018 زیادیكردووە بۆ 0.956 ترلیۆن‌و لەساڵی 2019ش بڕەكە بۆتە 1.566 ترلیۆن دینارو لە2020 بڕەكە زیادیكردووە بۆ 1.408 ترلیۆن، هەروەها لەساڵی 2021یش بۆ 1.691 ترلیۆن، لەشەش مانگی یەكەمی ئەمساڵیش داهاتی گومرگی هەرێم 0.848 ترلیۆن دینار بووە، واتە 848 ملیار دینار”.

لەبارەی هۆكارەكانی زیادبونی داهاتی گومرگیش لەهەرێم فەرمانگەی میدیاو زانیاریی لەزاری وەزارەتی داراییەوە بڵاویكردەوە، “ئازادكردنی كاری بازرگانی‌و ترانزێت، نەهێشتنی قۆرخكاری، بەئەلیكترۆنیكردنی سیستەمی گومرگ لەدەروازەو فڕۆكەخانەكان، كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری گومرگ، لەهۆكارە سەرەكیەكانن”.

فەرمانگەی میدیاو زانیاریی حكومەتی هەرێم دەڵێت، تەنها لەشەش مانگی یەكەمی ئەمساڵی 2022دا 418.8 ملیار دینار داهاتی باج لەهەرێمی كوردستان كۆكراوەتەوە.