سەردێر

بڕیاری نوێ‌ بۆ پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران دەردەچێت

خەڵك-
وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، كە هەر فەرمانبەرێك لەكاتی وەزیفەدا بڕوانامەی بەرزتر بەدەست بهێنێت و ببێتە هۆی پلەبەرزكردنەوەی بۆی هەژمار ناكرێت تا پلەبەرزكردنەوە دەكرێتەوە و پەڕلەمانتارێكیش دەڵێت: “ڕاپۆرتمان ئامادە كردووە و چەند بژاردەیەكمان هەیە بۆ پلەبەرزكردنەوە”.

وەزارەتی دارایی هەرێم لە گشتاندنێكی دارایی بە ژمارە 16، كە ئەمڕۆ 1ی ئاب دەرچووە، ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو فەرمانبەرانەی لەكاتی وەزیفەدا بڕوانامەی بەرزتر بەدەست دەهێنن و دەبێتە هۆی بەرزكردنەوەی پلەیان ئەوا بۆیان هەژمار ناكرێت، بەڵكو لەكاتی كرانەوەی پلەبەرزكردنەوە بۆیان هەژمار دەكرێت.

وەزارەتی دارایی بۆ گشتاندنەكەی پشتی بەستووە بە چەند چەند ڕێنماییەكی دارایی، كە یەكێكیان بریتییە لە ڕێنمایی ژمارە 11ی ساڵی 2016، كە تێیدا پلەبەرزكردنەوە ڕاگیراوە.

لای خۆشیەوە، ھێڤیدار ئەحمەد، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی وتی: “لە لیژنەی دارایی لیژنەیەکی لاوەکی دروست کراوە، کە من سەرۆکی لیژنەکەم و خەریکی ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکین کە ھێشتا تەواو نەبووە و لە گفتووگۆ داین کە تەواوبوو ڕەوانەی دەکەین بۆ حکوومەت و داتامان وەرگرتووە، کە چەند پلەیان بەرزکراوەتەوە و چەندیش ماون و چۆن پلەیان بەرزبکرێتەوە ئەوانەی ماون، بۆیە دەمانەوێت پلەی فەرمانبەران بەرزبکرێتەوە و باری حکوومەتیش گران نەبێت”.

وتیشی: “ئێمە چەند بژاردەیەکمان ئامادەکردووە کە حکوومەت بتوانێت پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەستپێبکاتەوە، چونکە ئەوانەی سلکی سەربازین وەکو پۆلیس و ئاسایش و زێرەڤانی و ئەوانەی سەر بەوەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگەن پلەیان بەرزدەکرێتەوە، بەڵام ئەوانەی فەرمانبەری شارستانین ماون، ئەگەر نا نیوەی مووچەخۆران کە لە سلکی سەربازین پلەیان بەرزکراوەتەوە و ئەوانە ماون کە فەرمانبەری شارستانین، بۆیە چەند بژاردەمان ئامادەکردووە پلەی ئەوانیش بەرز بکرێتەوە، چونکە ناکرێت ئەوانەی ماون پلەیان بەرز نەکرێتەوە”.

بەپێی بڕیاری حكومەتی هەرێم و بەبیانووی قەیرانی دارایی لە ساڵی 2016ەوە پلەبەرزكردنەوە ڕاگیرا، بەڵام لە ئێستادا بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ كراوەتەوە و هەندێك پەڕلەمانتاریش دەڵێن بۆ “فەرمانبەرانی سێ‌ سەرۆكایەتییەكە و دادوەرەكان كراوەتەوە” بەڵام تەنها فەرمانبەرانی مەدەنی لێی بێبەشن.