سەردێر

وێستگەیەكی كارەبا تەقییەوە و 3 پارێزگا بێ‌ كارەبا دەبن

خەڵك-

بەهۆی تەقینەوەی وێستگەیەكی بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا لە شاری بەسرە، كارەبای سێ پارێزگای باشووری عێراق (بەسرە، زیقار، میسان) پچڕا.

ئەحمەد موسا، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئەو دەنگۆیانەی ڕەتكردەوە، كە باس لە تەقاندنەوە و لەكارخستنی وێستگەی كارەبای گازی بەسرە دەكەن.

ڕوونیشی كردەوە، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما‌‌ یەكەیەكی بەرهەمهێنانی كارەبا لە بەسرە تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە تەزووی كارەبا لەو پارێزگایانەی باشوور پچڕاوە.

وتیشی، “تیمەكان لە هەوڵدان بۆ گۆڕین و دووبارە بەكارخستنەوەی وێستگەكە”‌.

ماوەی هەفتەیەكە شەپۆلێكی گەرمای بەتین ناوچەكانی عێراقی گرتۆتەوە و بەهۆیەوە لە بەشێكی زۆری پارێزگاكان پلەكانی گەرما بۆ سەرووی 50 پلەی سەدی بەرزبوونەتەوە و لە 8 پارێزگای عێراقیش ڕۆژی پێنج شەممە بەهۆی گەرماوە دەوام ڕاگیرا.