سەردێر

ڕەنگی جلوبەرگی خوێندكارانی زانكۆ بە سیستمی یەكپۆشی ڕاگەیەنرا

خەڵك-
دوای جێبەجێ‌ كردنی یەكپۆشی جلوبەرگی فەرمانبەران لە دادگاكانی سلێمانی و دواتر یەكپۆشی جلوبەرگی خوێندكاران لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە، زانكۆی سەڵاحەدین لە هەولێر بڕیاری پەیڕەوكردنی یەكپۆشی لە جلوبەرگی خوێندكاران بۆ ساڵی نوێی خوێندن دەدات و ڕەنگی جلوبەرگەكانیشی دیاریكرد.

د. كامەران یونس، سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین ڕایگەیاندووە، لەمساڵی نوێی خوێندندا سیستمی یەكپۆشی جلوبەرگی خوێندكاران لە سەرجەم كۆلێژەكانی زانكۆكەمان جێبەجێ دەكەین.

ڕاشیگەیاندووە، دوو ڕەنگی جلوبەرگمان دیاریكردووە، كە بریتین لە (ڕەساسی و سپی لەگەڵ ڕەش و سپی)، هەر کۆلیجێکیش ئازادە دوو ڕەنگ بۆ جلوبەرگری خوێندکارەکانی هەڵبژێرێت.

زانكۆی سەڵاحەدین دوای ڕاگەیاندنی ڕاپرسییەك بۆ مەبەستی یەكپۆشی خوێندكاران بۆ ساڵی نوێی خوێندن جەختیشی كردەوە، ” پرسی یەكپۆشی خوێندكاران، لە زۆر ڕووەوە سوودبەخشە و لە بنەڕەتیشدا مانای كەمكردنەوەی جیاوازی كۆمەڵایەتی و چینایەتییە”.

ڕاشیگەیاندووە، یەكپۆشی وادەكات جیاوازییەكان تەنها لە ئاستی خوێندن و نووسینی توێژینەوەی زانستی بێت، نەك شتی لاوەكی و بێ سوود، لەگەڵ ئەوەشدا پرسی یەكپۆشی هۆكارە بۆ كەمكردنەوەی ئەركی سەرشانی خانەوادەكانتان و سیماێكی جوان و دڵگیرتر دەبەخشێ بە زانكۆ”.

ئەمە لەكاتێكدایە، ماوەی چەند ساڵێكە دادگاكانی سلێمانی بۆ فەرمانبەران سیستمی یەكپۆشی پەیڕەو دەكات بە ڕەنگی (نیلی و سپی) و هەروەها وەزارەتی پەروەردە بۆ منداڵانی باخچەكان و خوێندكارانی سەرجەم قۆناغەكان یەكپۆشی پەیڕەو دەكات و بڕیاریشە بۆ پرسی یەكپۆشی خوێندكاران زانكۆی سلێمانیش بڕیار بدات.