سەردێر

ئەمریكا: ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگری لەخۆی بكات

خەڵك-
باڵوێزخانەی ئەمریكا لەئیسرائیل لەسەر ئۆپەراسیۆنەكەی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە.

باڵوێزخانەی ئەمریكا لەئیسرائیل لەسەر ئۆپەراسیۆنەكەی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بكات.

باڵوێزی ئەمریكا داواشی لە هەموو لایەنە ناكۆكەكان كرد دان بە خۆیاندا بگرن و رەوشەكە هێوربكەنەوە.

هێرشی سووپای ئیسرائیل بە چڕی بۆ سەر شاری غەزە لە ئێوارەی ئەمڕۆوە بەردەوامی هەیە.

كەناڵی ئەلعەرەبیە بڵاویكردەوە سووپای ئیسرائیل بڕیاری فراوانكردنی هێرشەكانی سەر غەزەی دا و بۆ ئەوەش 25 هەزار سەربازی یەدەگ دەگەڕێنێتەوە سەر كارەكانیان.

بەپێی هەواڵی كەناڵەكە، لە چەند كاتژمێری ئایندەدا شاندێك بەرەو ئیسرائیل لە میسرەوە دەڕوات بۆ ئاساییكردنەوەی بارگرژییەكانی غەزە.

لەڕووی زیانە مرۆییەكانیشەوە بە گوتەی كاربەدەستانی وەزارەتی تەندروستی لە غەوە 10 كەس لە هێرشەكانی ئیسرائیل كوژران و 55ی دیكەش بریندار بوون.

لە هێرشەكانی ئەمڕۆدا تسیر جعبەری سەركردەی باڵای گرووپی جیهادی ئیسلامی لە هێرشێكی ئیسرائیلدا لە غەزە كوژرا.

سووپای ئیسرائیل رایگەیاند تسیر جعبەری سەركردەی باڵای گرووپی جیهادی ئیسلامی لە هێرشێكی ئیسرائیلدا لە غەزە كوژرا كە بەرپرسی بەشی باكووری غەزە بوو لە گرووپەكە و چەند رۆژی رابردوو هانی هەڵدانی مووشەكی دابوو بۆ سنوورەكانی ئیسرائیل.

سووپای ئیسرائیل راشیگەیاند جگە لەو سەركردەی جیهادی ئیسلامی، 10 چالاكەوانی دیكەی گرووپەكەش بە ئامانجگیراون.

راشیگەیاند ئەم ئۆپەراسیۆنە بۆ گەڕاندنەوەی ئاسایشە بۆ هاووڵاتیانی ئیسرائیل.