سەردێر

ئیسرائیل هێرشەكانی سەر غەزە فراوان دەكات

خەڵك-

كەمێش پێش ئێستا فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل گورزی توندیان لە مۆڵگەی گرووپە ئیسلامییەكانی سنووری غەزە وەشاند.

كەناڵی ئەلجەزیرە بڵاویكردەوە سووپای ئیسرائیل بە چڕی شاری غەزەی بۆردوومانكرد و دووكەڵ بەری ئاسمانی گرتووە.

لەلایەكی دیكەوە تۆپخانەكانی سووپای ئیسرائیل بە چڕی سنوورەكانی غەزە تۆپباران دەكەن.

هاوكات كەناڵی ئەلعەرەبیە بڵاویكردەوە سووپای ئیسرائیل بڕیاری فراوانكردنی هێرشەكانی سەر غەزەی دا و بۆ ئەوەش 25 هەزار سەربازی یەدەگ دەگەڕێنێتەوە سەر كارەكانیان.

بەپێی هەواڵی كەناڵەكە، لە چەند كاتژمێری ئایندەدا شاندێك بەرەو ئیسرائیل لە میسرەوە دەڕوات بۆ ئاساییكردنەوەی بارگرژییەكانی غەزە.

لەڕووی زیانە مرۆییەكانیشەوە بە گوتەی كاربەدەستانی وەزارەتی تەندروستی لە غەزەوە نۆ كەس لە هێرشەكانی ئیسرائیل كوژران و 55ی دیكەش بریندار بوون.

لە هێرشەكانی ئەمڕۆدا تسیر جعبەری سەركردەی باڵای گرووپی جیهادی ئیسلامی لە هێرشێكی ئیسرائیلدا لە غەزە كوژرا.

سووپای ئیسرائیل رایگەیاند تسیر جعبەری سەركردەی باڵای گرووپی جیهادی ئیسلامی لە هێرشێكی ئیسرائیلدا لە غەزە كوژرا كە بەرپرسی بەشی باكووری غەزە بوو لە گرووپەكە و چەند رۆژی رابردوو هانی هەڵدانی مووشەكی دابوو بۆ سنوورەكانی ئیسرائیل.

سووپای ئیسرائیل راشیگەیاند جگە لەو سەركردەی جیهادی ئیسلامی، 10 چالاكەوانی دیكەی گرووپەكەش بە ئامانجگیراون.

راشیگەیاند ئەم ئۆپەراسیۆنە بۆ گەڕاندنەوەی ئاسایشە بۆ هاووڵاتیانی ئیسرائیل.