سەردێر

ئیسرائیل كوژرانی سەركردەیەكی باڵای ئیسلامی لە غەزە راگەیاند

خەڵك-

تسیر جعبەری سەركردەی باڵای گرووپی جیهادی ئیسلامی لە هێرشێكی ئیسرائیلدا لە غەزە كوژرا.

سووپای ئیسرائیل رایگەیاند تسیر جعبەری سەركردەی باڵای گرووپی جیهادی ئیسلامی لە هێرشێكی ئیسرائیلدا لە غەزە كوژرا كە بەرپرسی بەشی باكووری غەزە بوو لە گرووپەكە و چەند رۆژی رابردوو هانی هەڵدانی مووشەكی دابوو بۆ سنوورەكانی ئیسرائیل.

سووپای ئیسرائیل راشیگەیاند جگە لەو سەركردەی جیهادی ئیسلامی، 10 چالاكەوانی دیكەی گرووپەكەش بە ئامانجگیراون.

راشیگەیاند ئەم ئۆپەراسیۆنە بۆ گەڕاندنەوەی ئاسایشە بۆ هاووڵاتیانی ئیسرائیل.

لەلایەكی دیكەوە سەرچاوەیەك بۆ كەناڵی ئەلعەرەبیەی ئاشكراكرد ئیسرائیل لە رێگای میسرەوە هۆشداری داوە بە گرووپی حەماس كە هەر كاردانەوەیەكیان هەبێت بەرامبەر هێرشەكانی سەر جیهادی ئیسلامی، ئۆپەراسیۆنەكانی ئیسرائیل زۆر فراوان دەكرێن بۆ سەر غەزە.

رۆژنامەی هائارتس بڵاویكردەوە سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لەگەڵ وەزیری بەرگری وڵاتەكەی ئەم ئێوارەیە تاووتوێی رەوشەكە دەكەن دوای دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی بۆ سەر غەزە.

سەرچاوە تەندروستییەكانی غەزەش ئاشكرایانكردووە هەشت سڤیل كوژراون كە منداڵێكیان لەنێودایە.

هاوكات حەماس رایگەیاند ئیسرائیل هێرشێكی گەورەی دەستپێكردووە و دەبێت باجەكەی بدات.