سەردێر

نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان و سەدر كۆبوونەوە

خەڵك-

نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی جینین پلاسخارت نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لەگەڵ موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدردا كۆبووەوە.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی جینین پلاسخارت نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لەگەڵ موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدردا لە ناوچەی حەنانەی شاری نەجەف كۆبووەوە.

پلاسخارت رایگەیاند كۆبوونەوەكەیان لەگەڵ سەدر ئەرێنی بووە و تاووتوێی پرسە سیاسییەكانیان كردووە.

سەردانەكە هاوكاتی بەڕێوەچوونی نوێژی هەینی ملیۆنی سەدرییەكان بوو، گوتاربێژی نوێژەكە رایگەیاند دەبێت پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە و هەڵبژاردنی پێشوەختە بكرێت.

راشیگەیاند گەندەڵی عێراقی داگیركردووە و سیاسییە دەسەڵاتخوازەكان عێراقیان بەم رەوشە گەیاندووە.

لەلایەكی دیكەوە محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكدا رایگەیاندووە پشتیوانی داواكارییەكەی موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر دەكات بۆ سازدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان.

حەلبووسی لەگەڵ خەمیس خەنجەر هاوپەیمانێتییەكی سونییان هەیە و لەگەڵ پارتی و سەدرییەكان هاوپەیمانی رزگاری نیشتمانییان پێكهێنا بە پێی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئۆكتۆبەری رابردوو، بەڵام شكستیان هێنا.