سەردێر

هۆكارەكانی دابەزینی شەكرە

خەڵك-
پزیشكێكی پسپۆری هەناوی و شەكرە باس لە هۆكارەكانی دابەزینی شەكرە دەكات لە خوێندا.

د.داهات حەوێزی، پزیشكی پسپۆری هەناوی و شەكرە بڵاویكردووەتەوە، زۆر هۆكار هەن بەشداری دەكەن لە دابەزینی ئاستی شەكر لە خوێندا، بەڵام ئەم حاڵەتە زیاتر لە نەخۆشی شەكرە ڕوودەدات، ئەویش بەهۆی گۆڕین یان زیادكردنی بڕی دەرمانەكانی شەكرە ،هەندێ جار بەهۆی بەكارهێنانی  زۆری دەرزی ئەنسۆلین بەتایبەتی ئەنسولینی صافی یان ئەنسولینی خابگ(ئەنسولینە ڕوونەكە یان ڵێڵەكە) یان ئەگەر نەخۆشەكە ئەنسولین لەخۆی بدات بەڵام دوای ئەوە نان نەخوات یان زۆر وەرزش بكات، لەم حاڵەتانەدا لەوانەیە شەكرەكەی زۆر داببەزێت.

دەشڵێت، هەندێ دەرمانی تری شەكرە كە پێش نانی بەیانیان دەخورێت (وەكو گروپی Sulfonylurea، حەبە قوبرسیەكە) لەوانەیە شەكرە داببەزینێت.

ئەو پزیشكە ئاماژە بە ئەوەش دەكات، هۆكارەكانی تر بۆ نەخۆشی دابەزینی شەكر وەكو زۆر خواردنەوەی مەی، لابردنی بەشێكی كۆئەندامی هەرس بە نەشتەرگەری ،نەخۆشی جگەر(وەكو لەكاركەوتنی جگەر)،نەخۆشی سستی گورچیلە ولەكاركەوتنی رژێنەكانی سەر گورچیلە و گرێی پەنكریاس و گریێی ژێر مێشكە رژێن و هەوكردنی سەختی خوێن، و بەكارهێنانی هەندێ داوودەرمانی وەكو دەرمانی خەمۆكی و دەرمانی دژی مەلاریا، هەندێكی جاریش برسیەتیەكی زۆر و درێژخایەن ئاستی شەكر لە خوێن دادەگرێت.