سەردێر

شێركۆ بێكەس دەنگی نیشتمان

ئەمڕۆ ساڵوەگەڕی كۆچی دوایی شێركۆ بێكەسە

خەڵك-

شێركۆ بێكەس ڕۆژی ٢ی ئایاری ١٩٤٠ لە گەڕەكی گۆیژەی شاری سلێمانی لەدایكبووە.

شێركۆ یەكەمین شیعری خۆی لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا بڵاوكردەوە.

ساڵی ١٩٦٨ یەكەمین پەرتووكی شیعری خۆی بە ناوی «تریفەی ھەڵبەست» لە (بەغدا) لە چاپ دا.

لە ساڵی ١٩٧٠ لەگەڵ كۆمەڵێك لە شاعیرانی بەناوبانگی ئەو سەردەمە بانگەوازێكیان بۆ گۆڕانكاری لە شیعری كوردی و بە تایبەت چوون بە لای شیعری نوێی كوردییەوە بڵاو كردەوە.

ساڵی ١٩٨۷ لە وڵاتی سوید خەڵاتی پێ بەخشرا و شیعرەكانی بە زۆر زمانی دنیا وەرگێڕدا.

لە ساڵی ١٩٩٨ەوە ھەتا كۆتایی ژیان، ئەندامی ئەنتەلۆژیای خوێندنی پۆلەكانی ئامریكا و كەنەدا بوو. لە ھەمان ساڵدا بە یارمەتی كۆمەڵێ كەس و ھاوڕێی، «دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم» ی دامەزراند.

لە ساڵی ٢٠٠١ ناوەندی چاپ و ڕاگەیاندنی «خاك» خەڵاتی پیرەمێردی شاعیری بە شێركۆ بەخشی. لە ساڵی ٢٠٠٩دا تەواوی بەرھەمەكانی لە ھەشت ھەزار پەڕەدا لە چاپ درا.

شێركۆ بێكەس یەكێك بوو لە دامەزرێنەرانی سەردەمی شیعری نوێی كوردی و ھونەری كوردی بە زمانی شیعری نوێ ناساند. شیعری شێركۆ زۆرجار باسی لە نیشتمانپەروەری و خۆشەویستی ئاو و خاك كردووە.

وەسیەتنامە
من نامەوێت لە ھیچ كام لە گرد و گردۆڵەكەكاندا بنێژرێم كە دیارن و ناویان ئەبرێ، یەكەم لەبەرئەوەی پڕبونەتەوە و دووەم لەبەرئەوەی من حەز بە قەرەباڵغی زۆر ناكەم، من ئەمەوێ ئەگەر سەرۆكی شارەوانی و ئەنجومەنی شارەوانی شارەكەم ڕێگەم پێبدا و ئەوەم پێ ڕەوا ببینن كە لە پاركی ئازادیدا و بە تەنیشت مۆنۆمێنتەكەی شەھیدانی ١٩٦٣ی سلێمانییەوە بمنێژن، ئەوێ خۆشترە و تەنگەنەفەس نابم، من حەز ئەكەم بە مردویش نزیكی ئەو خەڵكەو ژن و پیاوی شارەكەم و دەنگی مۆسیقا و گۆرانی و ھەڵپەڕكێ و یانە جوانەكانی ئەو پاركە بم. با كتێبخانەكەم و دیوانەكانم و وێنەكانم ببرێن بۆ شوێن مەزارەكەم، با كافتریایەك و باخچەیەكی بچكۆلانە لەو شوێنەدا ھەبێت بۆئەوەی شاعیران و نوسەران و كچ و كوڕی دڵدار ببنە میوانم، من ئەمەوێ لە ئێستەوە بەچاوی خەیاڵ تەماشای ئەو پاركە بكەم و دوای مردنی خۆم ببینم، ئەمەوێ بەدەم چریكەی دیلان و ئەڵڵا وەیسییەكەی مەردان و سرودی خوایە وەتەن ئاواكەیەوە ئاڵای كوردستانم تێوە پێچرابێ و بنێژرێم، من ئەمەوێ لە پرسەكەمدا مۆسیقا لێبدرێت، لەناو مەزارەكەمدا تابلۆی جوانی ھونەرمەندانی شارەكەم ھەڵبواسن، من ئەمەوێ دوای خۆم و بەناوی «بێكەس» ەوە خەڵاتێكی ساڵانە تەرخان بكرێ و بدرێت بە جوانترین دیوانە شیعری ھەڵبژێردراوی ئەو ساڵە و خەرجی ئەم خەڵاتەیش لەو میراتە بدرێ كە جێیدەھێڵم.

شێركۆ بێكەس لە 4ی ئابی 2013 كۆچی دواییكردووە و لەنێو پاركی ئازادی شاری سلێمانی بەخاك سپێردراوە.