سەردێر

موقتەدا سەدر: دەموچاوە كۆنەكان نامێنن و هەڵبژاردنی پێش وەخت بكرێت

خەڵك –
ڕێبەری ڕەوتی سەدر ڕایدەگەیەنێت ، ئەوەی لە عێڕاق ڕو دەدات شەڕی كورسی نیە و من ئامادەم شەهیدبم لە پێناو چاكسازی و ڕزگاركردنی گەل، دەشڵێت،”ئەم پەڕلەمانە هەڵوەشێتەوە و هەڵبژاردنی پێش وەخت بكرێتەوە”.

موقتەدا سەدر ، ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە پەیامێكی ڤیدیۆیدا، كە كاتژمێری هەشتی ئەمشەو بڵاویكردەوە ڕاگەیاند، گفتوگۆكانمان لەگەڵ ئەوانی دیكە تاقیكردەوە هیچ ئەنجامێكی نەبوو، بۆیە ئەوەی لە عێڕاق ڕوو دەدات شەڕی كورسی نیە.

ڕاشیگەیاند، ئامادەیە لە پێناو چاكسازیدا بۆ گەلی عیراق شەهید ببێت و گەل ڕزگار بكات ، ئەم شۆڕشە گەندەڵكارانی نێو ڕەوتی سەدریش دەگرێتەوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، پێویستە ئەم پەڕلەمانە هەڵوەشێتەوە و هەڵبژاردنی پێشوەخت بكرێتەوە، بەڵام تا ئێستا بڕیارم نەداوە هەڵبژاردنی داهاتوو بەشداربم.

ئاشكراشیكرد، گفتوگۆ ناكەین، گۆڕانكاری دەكەین، دەموچاوە كۆنەكان بوونیان نامێنێت و داوا دەكات خۆپیشاندەران بەردەوام بن.