سەردێر

هەوادارانی بایرن بەمشێوەیە گێچەڵییان بە لیڤاندۆڤسكی كرد

خەڵك-
ڕۆبەرت لیڤاندۆڤسكی ئەستێرەی پۆڵەندی و هێرشبەری نوێی بەرشەلۆنە سەردانی بارەگای مەشقكردنی بایرن میونشنی تیپە كۆنەكەی كرد، بۆ ماڵئاوایی لە یارزانان و كارمەندان.

ڕۆبەرت لیڤاندۆڤسكی لە 17ی تەمموزی ڕابردوو چووە ڕیزەكانی بەرشەلۆنە بە بۆندێك كە چوار وەرز درێژە دەكێشێت لەبەرامبەر 45 ملیۆن یورۆ، وێڕای 4 ملیۆنی تر بۆ گۆڕانكارییەكان.

لیڤاندۆڤسكی گەڕایەوە میونشن لە پاش گەشتەكەی بەرشەلۆنە بۆ ئەمریكا كە ئامادەكاریی بوو بۆ وەرزی داهاتوو، تا ماڵئاوایی لە هاوڕێ‌ كۆنەكان و كارمەندان بكات، بەڵام چاوەڕوانی نەدەكرد هەوادارانی یانە كۆنەكەی لە تیپی باڤاری بەشێوازێكی خراپ ماڵئاوایی لێبكەن.

بەپێی دیمەنێكی ڤیدیۆیی كە لەلایەن ماڵپەڕی ڕۆژنامەی “فۆتبوڵ ئیسپانا”ی ئیسپانی بڵاوكرایەوە، كۆمەڵێك لە هەوادارانی بایرن دەردەكەون كە ڕووبەڕووی هێرشبەری مێژوویی یانە باڤارییەكە دەبنەوە و ستایشی تیپی ڕیاڵ مەدرید و كەریم بنزیمای هێرشبەری فەڕەنسی دەكەن، بەو پێیەی تیپی پایتەختی ئیسپانیا ڕكابەری نوێی دەبێت لەسەر ناسناوی “لیگا” و جامی پادشا.

هەوادارانی بایرن میونشن هەموو ئەو ڕۆژگارە جوانانەیان بیرچۆوە كە یاریزانە پۆڵەندیەكە بۆی دروستكردن، هاواریان بە ناوی بنزیماوە دەكرد كە ڕكابەری دەبێت لە دەستەبەركردنی ناسناوى گۆڵكاری خولی ئیسپانی، هەموو بە یەك دەنگ هاوارییان دەكرد”هەلا مەردید، هەلا بنزیما” لەگەڵ هەندێك وشەی تری گێچەڵكردن.

لیڤاندۆڤسكی مێژووی بۆ بایرن میونشن نوسییەوە و هاوبەش بوو لە هەشت جار دەستەبەركردنی ناسناوی خولی ئەڵمانی و خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا و جامی جامەكانی ئەڵمانیا، بەڵام قوربانییەكانی و هەموو ئەوەی پێشكەشی كرد، بووە ڕابردوو، پاداشتەكەی حاشاكردنی هاندەران بوو لە ڕابردووە نزیكەكەی.