سەردێر

هۆكارەكانی كەمی ئیشتهای منداڵان چیین و چۆن چارەسەر دەكرێن؟

خەڵك-
زۆربەی دایكان و باوكان ڕووبەڕووی كێشەی كەم خواردن و كەمی ئیشتهای مناڵان دەبنەوە بە تایبەت لە تەمەنی ( ۲ ـــ ۸ ساڵ ) دا و نازانن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم حاڵەتەدا بكەن.

د. كامەران ڕەسوڵ ژاژڵەیی، پسپۆڕی زانستی خۆراك و ئەندامی كۆلیژی ئەمریكی بۆ زانستی خۆراك هۆكارەكانی كەمی ئیشتها لە منداڵان بە چەند خاڵێك ڕووندەكاتەوە:

۱ ـــ ئازار: وەك لە كاتی ددانی تازەدا ، بریندار بوونی زمان و ناو لێو بە هۆی ڤایرۆسەوە ، ئازار و پێچی ناوسك ، قەبزی بەردەوام
۲ ـــ پەتا و هەڵامەت: هەوكردنی لەوزەتێنی درێژخایەن یان دووبارەبوو ، هەوكردنی گوێی ناوەڕاست
۳ ـــ بە زەحمەت پاروو قووت دان : وەك گەورەبوونی لەوزەتێن ، ئەدینوێد
٤ ـــ ترس و دڵە ڕاوكێ : بۆ نموونە لە خوێندگا یان بوونی ئاژاوە و ناكۆكی و شەڕی نێوان دایك و باوك
٥ ـــ پێدانی خواردنێ كە مناڵە حەزی لێ نەكات
٦ ـــ خواردنی پسكیت و چپس و شیرینی و شەربەت و خواردنەوە گازیەكان بە تایبەت ماوەیەكی كەم پێش ژەمەكان
۷ ـــ شێوازی هەڵە لە مامەڵە كردن لە كاتی خواردن : وەك تووڕە بوون لە مناڵ یان لێدانی بۆ ئەوەی بە زۆر نان بخوات یانلۆمە كردنی كاتی خواردن
۸ ـــ كەمی جووڵە و سستی مناڵ : بە هۆی زۆر سەیركردنی تەلەفزیۆن یان بەكارهێنانی ئایپاد و مۆباێڵەوە
۹ ـــ زۆر پێدانی شێر بە تایبەت پاش تەمەنی یەك ساڵ و لێ نەبڕینەوەی شیر پاش دوو ساڵ لەگەڵ درەنگ پێدانی خواردن بە مناڵ ( پێویستە دوای چوار مانگی شۆربا و سریلاك بدرێت بە مناڵ )
۱۰ ـــ شەونخوونی : پێویستە مناڵی ژیر تەمەن ۱۲ ساڵ شەوانە سەعات نۆ خەوتبێت لە هەموو وەرزەكان
۱۱ ـــ گرنگی نەدان بە مناڵ و یاری نەكردن لە گەڵی دا و بە جێ هێشتنی بۆ ماوەی زۆر بە تەنها
۱۲ ـــ هەندێ جار مناڵەكە وەك شێوازێك بەكاری دێنێت بۆ سەرنجڕاكێشانی دایك و باوك
۱۳ ـــ بوونی كرمی ڕیخۆڵە ، هەندێ هەوكردنی گەددە و ڕیخۆڵەكان

گرنگترین ڕێنمیایەكان و چۆنیەتی چارەسەركردنی :
۱ ـــ دووركەوتنەوە لە عینادی كردن لەگەڵ مناڵ تا بەزۆر خواردن بخوات
۲ ـــ بە زۆری ئەو خواردنانەی بۆ ئامادە بكات كە حەزی لێ ئەكات بەمەرجێك خۆراكی تەندروست بێت
۳ ـــ ئامادەكردنی خواردن بە شێوازی سەرنج ڕاكێش و ڕازاندەوەی ، پێدانی خواردنی تازە
٤ ـــ هاندانی مناڵ : بۆ نموونە پێ بڵێ ئەگەر بۆ هەفتەیەك خواردن بخوێت یاریەكی تازەی وەك پاسكیل یا بووكێكی تازەت بۆ ئەكڕم یان ئەتبەم بۆ شوێنی یاری كردن ؛ بەڵام بەڵێنەكەت جێ بە جێ بكە
٥ ـــ لە قاپێكی گەورە بڕێكی كەم خواردنی بۆ تێ بكە ، یان لە یەك قاپ دا بەیەكەوە بیخۆن
٦ ـــ فێری مەكە بەرامبەر تەلەفزێون و ئایپاد و مۆبایڵەوە خواردن بخوات بەڵام خۆت مۆبایڵ بەكار مەهێنە لە كاتی خواردن ؛ لە بری ئەوە قسەی خۆشی لەگەڵ دا بكە
۷ ـــ پێدانی شروبی ڤیتامین بی كۆمپلێكس و زنك و ڤیتامین دی لە ژێر چاودێری پزیشك
۸ ـــ بەكار نەهێنانی شروبی ئیشتها بە بێ ڕێنمیایی پزیشكی پسپۆڕ