سەردێر

سەدرییەكان خۆیان بۆ ڕووداوێكی مليۆنی ئامادە دەكەن

خەڵك-
لەگەڵ بەردەوامبوونی چەقبەستنی سیاسی كە عیراق بەخۆوەی دەبینێت، شوێنكەوتوانی ڕەوتی سەدر بۆ ڕۆژی پێنجەم لەسەر یەك بەردەوامن لە مانگرتن لەنێو پەرلەمانی عیراق.
خۆپیشاندەرانی ناڕازیی خۆیان بۆ سازدانی نوێژی ملیۆنى لە هەینی داهاتوودا لە گۆڕەپانی گەورەی ئاهەنگەكان لە نێو ناوچەی سەوز ئامادە دەكەن.


دوێنێ‌ چوار شەممە، نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ یارمەتی عیراق، داوای دیالۆگی نیشتمانی كردبوو، ئەو هەنگاوەشی بە كاریگەرترین ڕێڕەو بۆ دەرچوون لەو تەنگژە سیاسیەی وڵات بەخۆوەی دەبینێت، لەقەڵەمدابوو.
بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن نێردەكەوە بڵاوكرایەوە”دیالۆگێكی بنیاتنەر لەنێوان لایەنە عیراقییەكان، بۆتە پێویستییەكی گرنگ لەئێستادا”.

موقتەدا سەدر داوای لە مانگرتووەكان كردبوو”بارەگای پەرلەمان چۆڵ بكەن و مانگرتنەكانیان ببەنە بەردەم و دەوروبەری پەرلەمان”.
سەدر لەو بارەیەوە بە شوێنكەوتوانی ڕاگەیاندبوو”گەر شوێنی ترهەبێت ماگرتنی لەبەردەمدا بكەن، ڕێنماییەكانتان یەك لەدوای یەك پێدەگات”.

بەپێی بەیاننامەیەكیش كە لە سێ‌ شەممەی ڕابردوودا لەلایەن ساڵح محەمەد عیراقی وەزیری ڕابەری ڕەوتی سەدرەوە بڵاوكرایەوە”بەردەوامبوونی مانگرتنەكان زۆر گرنگە بۆ هێنانەدی داواكارییەكانتان، و پێویستە مانگرتنەكان ناوبەناو بێت، لەگەڵ مانەوەی قەرەباڵغی خۆئامادەكردن لە كاتە دیاریی كراوەكان”.

لە كۆتایی قسەكانیدا وەزیری سەدر ڕایگەیاندبوو:”ئێمە لەئێستادا لە قۆناغی پێكهێنانی لیژنەیەكین لەلایەن خۆپیشاندەران بۆ ئیدارەدانی خۆپیشاندانەكان و ڕێكخستنیان و بایەخدان بەهەموو پێداویستییەكانيان”.
مانگرتنی كراوە لەلایەن شوێنگەوتوانی ڕەوتی سەدرەوە لە عیراق لەنێو بارەگای پەرلەماندا بەردەوامە، پاش ئەوەی خۆپیشاندەران دەستییان بەسەر بارەگای دەسەڵاتی یاساداناندا گرت.

لە شەممەدا، لایەنگرانی سەدر لە ناوەڕاستی بەغدای پایتەخت گردبوونەوە، بەر لەوەی بچنە ناوچەی سەوز كە بەشێوەیەكی توند پاسەوانی دەكرێت و بارەگای پەرلەمان و زۆربەی دامودەزگا گرنگەكانی دەوڵەت و باڵیۆزخانەكانی وڵاتان لەخۆدەگرێت، لەو نێوەندەشدا لەكاتی ڕۆیشتنی خۆپیشاندەران بۆ نێو ناوچەی سەوز، پێكداهەڵپژان لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان ڕویدا و بەو هۆیەوە 125 كەس برینداربوون.
لایەنگرانی ڕەوتی سەدر دەیانەوێت ڕێگە لە هەوڵی هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بگرن كە دەیانەوێت لە پەرلەمانەوە سەرۆك كۆمار هەڵببژێرن و لێوەی محەمەد شیاع سودانی كاندیدیان بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو ڕابسپێردرێت، لەهەمان كاتدا لایەنە جیاجیا نێودەوڵەتی و سیاسییە عیراقییەكان، داوای هێوربوونەوە و دیالۆگ دەكەن بۆ ڕەواندنەوەی تەنگژەكان و ئاسایی كردنەوەی ڕەوشەكە لە وڵاتدا كە بە بۆچوونی چاودێران، خەریكە ڕوو لە هەڵدێر و داڕمان دەكات.