سەردێر

قوباد تاڵەبانی و كونسوڵی ئەڵمانیا داوای هێوركردنەوەی دۆخی عێراق دەكەن

خەڵك-
جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم لە كۆبوونەوەی لەگەڵ كۆنسوڵی گشتی ئەڵمانیا باس لە پڕۆسەی ڕیفۆرم و بە تایبەتیش ڕیفۆرم لە وەزارەتی پێشمەرگە دەكەن و ڕایدەگەیەنن، دۆخەی عێراق هێور بكەنەوە و لەڕێگەی گفتوگۆی نیشتمانییەوە هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان بدەن

بەپێی ڕاگەیەنراوی نووسینگەی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم، ئەمڕۆ چوار شەممە ٣ی ئابی ٢٠٢٢ لە هەولێر بەبۆنەی كۆتاییهاتنی ئەركەكانی وەك كۆنسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەرێم، قوباد تاڵەبانی ڕۆڵی كلێمێنس سێمتنەری لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان ئەڵمانیا و هەرێمی كوردستانی بەرز نرخاند و هیوای خواست پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و ئەڵمانیا لە بوارە جیاوازەكاندا پێشكەوتنی زیاتریش بە خۆیەوە ببینێت.

قوباد تاڵەبانی ستایشی رۆڵی ئەڵمانیاشی كرد، كە بە درێژایی چەند ساڵی رابردوو هاوكار و پشتیوانی پرۆسەی ریفۆرم بووە لە هەرێمی كوردستان و بە تایبەتیش رۆڵی ئەو وڵاتەی لە چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە و یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی بەرز نرخاند.

لە بەشێكیتری كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی دۆخی سیاسی عێراق كرا و هەردوولا نیگەرانی خۆیان لە قوڵبوونەوەی ناكۆكییەكان لە بەغدا دەربڕی و هاوڕابوون، كە پێویستە لایەنە عێراقییەكان لەپێناو پاراستنی سەقامگیری عێراق و پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خەڵكی عێراق دۆخەكە هێور بكەنەوە و لەڕێگەی گفتوگۆی نیشتمانییەوە هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان بدەن.

سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییە كوردستانییەكانیش هەردوولا هاوڕابوون لەم قۆناغەدا، كە عێراق بە دۆخێكی ئاڵۆزدا تێپەڕ دەبێت پێویستە لایەنە كوردستانییەكان هەستیاری دۆخەكە لەبەرچاو بگرن و بە یەكڕیزی و یەك گوتاری لە بەغدا هەوڵی پاراستنی مافە دەستورییەكانی گەلی كوردستان بدەن.