سەردێر

ئیتاڵیا، مەرجێكی نوێ‌ بۆ وەرگرتنی یاریزانە ئەفریقاییەكان

خەڵك-
ئۆریلیۆ دی لۆرینتیس، سەرۆكی یانەی ناپۆلی، بیرۆكەی گرێبەست لەگەڵ یاریزانانی ئەفریقایی ڕەتدەكاتەوە، تا واژۆ لەسەر ڕێككەوتنی بەشداریی نەكردن لە جامی نەتەوەكانی ئەفریقادا نەكەن.

لە ئێستادا لە لیستی ناپۆلی ڤیكتۆر ئۆسمینی نایجیری و ئەندرێ‌ زامبوا ئەنجویسای كامیرۆنی لەخۆدەگرێت و كالیدۆ كۆلیبالی سنگالیش لەم هاوینەدا ڕیزی یانەكەی بۆ چێڵسی بەجێهێشت.

دی لۆرینتیس لە لێدوانێكی بۆ ڕۆژنامەی “لاگازیتا دیلۆ سپۆرت”ی ئیتاڵی ڕایگەیاند:”بە ئیدارەی یانەكەم ڕاگەیاند، ئەی لاوان لەئێستا بەدواوە باسی بەستنی بۆند لەگەڵ یاریزانە ئەفریقاییەكانم لەگەڵدا مەكەن”.

بە وتەی لۆرینتیس:”من خۆشم ئەوێن، بەڵام بەستنی بۆند لەگەڵیان وابەستەی مەرجی بەشداریی نەكردنیانە لە جامی نەتەوەكانی ئەفریقا، بەپێچەوانەوە ئەو یاریزانانە بۆ ئێمە بەردەست نابن”.

سەرۆكی یانەی ناپۆلی دەڵێت:”تەنیا ئێمەی گەوج مووچەیان پێدەدەین، تا ڕەوانەیان بكەین بۆ ناوچە جیاجیاكانی جیهان لەپێناو یاریكردن بۆ ئەوانی تر”.

جامی نەتەوەكانی ئەفریقا هەموو دوو ساڵ جارێك لە زستاندا سازدەكرێت، ئەمەش وا لە یانە ئەوروپاییەكان دەكات، لە ناوەڕاستی وەرزدا ئەستێرەكانیان لەدەستبدەن.