سەردێر

بەرهەم ساڵح و پلاسخارت كۆبوونەوە

خەڵك-
سەرۆك كۆماری عێراق لەگەڵ نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق كۆبووەوە و چەند تەوەرێكیان تاوتوێكرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە 3 ی ئابی 2022 د. بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق لە كۆشكی سەلام لەبەغدا پێشوازیكرد لە جینین هێنیس پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق.

لەدیدارەكەدا گفتوگۆكرا لەبارەی پێشهات و گۆڕانكارییە سیاسییەكان و پێویستی هێوركردنەوەی دۆخەكە و چارەسەركردنی ئەو قەیرانەی ئێستا رووبەڕووی وڵات بووەتەوە بە ئاڕاستەی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری، هەروەها جەختكرایەوە لەگرنگی پتەوكردنی سازان و دیالۆگ و لێكتیگەیشتن لە نێوان هەمووان لە پێناو دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو رووەو هێنانەئاراوەی داواكارییە رەواكانی خەڵك.

لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا بەرهەم ساڵح دووپاتیكردەوە لە پێویستی پارێزگاریكردن لە ئارامی وڵات و دەستپێكردنی دیالۆگ و گفتوگۆی جددی و مامەڵەكردن لەگەڵ بارودۆخی سیاسی بۆ گەیشتن بە نەخشە رێگایەكی روون لەسەر بنەمانی سەرخستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی وڵات و دڵنیاكردنەوەی هاووڵاتیان و بەهێزكردنی پاراستنی ئاشتی كۆمەڵایەتی.

پلاسخارت پشتیوانی نەتەوە یەكگرتووەكانی بۆ پتەوكردنی دیالۆگ لە نێوان لایەنە سیاسییەكان و كەمكردنەوەی ناكۆكییەكانی بەرەو چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و هێنانەدی داواكاری عێراقییەكان دووپاتكردەوە.