سەردێر

گەیشتنی كۆچبەران لە مانشەوە بۆ بەریتانیا ژمارەی پێوانەیی تۆماردەكات

سیاسەتی ڕاگواستنی كۆچبەران بۆ ڕواندا جێبەجێ‌ نەكراوە

خەڵك-
نزیكەی 700 كۆچبەر و داواكاریی پەنابەریی لەڕێگەی مانشەوە لە یەك ڕۆژدا لەم هەفتەیە گەیشتوونەتە بەریتانیا، ئەمەش وەك ئەمڕۆ سێ‌ شەممە حكومەتی بەریتانیا باسی كرد، بە ژمارەیەكی پێوانەیی نوێ‌ لەمساڵدا دادەنرێت.


ئەوانەی دەگەنە وڵاتە پێیانوایە سیاسەتی بەریتانیا بۆ ڕاگواستنی ئەوانەی گەشتە پڕ لەمەترسییەكە دەبڕن بۆ ڕواندا، تائێستاش دووچاری شكستبووە.

وەزارەتی بەرگری بەریتانیا ڕایگەیاند، 696 كۆچبەر لەڕێی 14 بەلەمی بچوكەوە لە دوو شەممەدا گەیشتە بەریتانیا، ئەمەش بە بەرزترین ژمارە ڕۆژانە دادەنرێت لەماوەی ساڵی 2022 و بۆ دووەم جارە ژمارەی كۆچبەران لە ڕۆژێكدا 600 كەس تێبپەڕێنێت.

ڕاپۆرتەكان باسی لە گەیشتنی ژمارەیەكی زۆری كۆچبەران دەكەن بە ڕامسغیت لە كەنارئاوەكانی كەنت لە باشووری خۆرهەڵاتی ئینگلتەرا كە منداڵیان تێیدا بووە، بەر لەوەی بە نەفەرهەڵگر بگوازرێنەوە بۆ كەمپەكان.

بەپێی ژمارە حكومییەكان، لە ساڵی 2022 تائێستا زیاتر لە 17 هەزار كەس لەڕێی پەڕینەوە لە مانش كە بە یەكێك لە قەرباڵغترین ڕێڕەوی قاچاخ دادەنرێت بە بەلەمی بچووك گەیشتوونەتە شانشینی یەكگرتوو.
لە ساڵی ڕابردوودا 28500 كەس كە زۆربەیان لاوبوون گەیشتنە كەنارئاوەكانی بەریتانیا، بەرزترین ڕێژەی كۆچبەرانیش كە لە ڕۆژێكدا گەیشتبوونە وڵاتەكە لە مانگی تشرینی دووەمی 2021دا بوو كە گەیشتە 853 كەس.

ژمارەی ئەوانەی بەڕێی قاچاخ دەگەنە بەریتانیا بەدرێژایی ساڵ گۆڕانكاریی بەسەردا دێت، ئەمەش پەیوەندی بە باری كەشوهەوا و ڕێكارەكانی پاسەوانییەوە هەیە كە لە كەنارئاوەكانی باكووری فەرەنسا دەگیرێنەبەر.

وەك هەوڵێك بۆ بەرگرتن لە پەڕینەوەی كۆچبەران، بەریتانیا پێشتر سیاسەتێكی نوێی ڕاگەیاندبوو كە خۆی لە ناردنی ئەو كەسانەدا دەبنێتەوە بۆ ڕواندا كە لە مانشەوە دەپەڕنەوە، تا بەشێوەیەكی هەمیشەیی لەو وڵاتە نیشتەجێ‌ بكرێن.

یەكەم گەشتی كۆچبەرەكان لە بەریتانیاوە بۆ ڕواندا كە بڕیاری لێدرابوو لە ناوەڕاستی حوزەیراندا بەڕێبخرێت، بەهۆی سكاڵای دادوەرییەوە ڕێگەی لێگیرا، بۆیە تائێستاش سیاسەتەكە وەك خۆی ماوەتەوە و جێبەجێ‌ نەكراوە.
بەریتانیا ساڵانە دەیان ملیۆن یورۆ دەداتە فەرەنسا، تا ڕێگە لە پرۆسەی پەڕینەوەی بەلەمی كۆچبەران بگرێت، وێڕای چڕكردنەوەی پاسەوانی كەنائاوەكان و دابینكردنی ئامرازەكانی وەك دووربینی شەوانە و ئامرازی تر.

هەر لەوبارەیەوە ڕۆژنامەی (زە تایمز) لەم هەفتەیەدا بڵاویكردەوە، ریتی باتێڵ وەزیری ناوخۆ، دوایین ڕێككەوتنی دارایی لەگەڵ پاریس ڕادەگەیەنێت، وێڕای بوونی پرسیارێكی زۆر لەبارەی بەهای رێكارەكان بەرامبەر بە تێچووەكەی.

ڕێككەوتنەكە لەلایەن پەرلەمانتارانی پارتی پارێزگارانی فەرمانڕەواوە ڕووبەڕووی ڕەخنە بۆتەوە.
هەریەك لە ڕیشی سۆناك و لیز تراسی كاندیدانی پارتی پارێزگاران بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، بەڵێنیانداوە سیاسەتی ڕاگواستن بۆ ڕواندا بهێڵنەوە.