سەردێر

هێڵەكانی ئینتەرنێت بەتەواوی لەكاركەوتن

خەڵك-

ئەمڕۆ دوو شەممە، بەهۆی ئاگركەوتنەوە لە ئامێری پەیوەندییەكان بووەتە هۆی پچڕانی ئینتەرنێت لە تارانی پایتەخت و پارێزگاكانی دیكەی ئەو وڵاتە.

ئاژانسی هەواڵی (ئێران ئینتەرناشناڵ) بڵاویكردەوە، ئینتەرنێت و ئینتەرنێتی نیشتمانی بۆ كۆمپانیا ئەهلی و حكومییەكان لەو وڵاتە پچڕاوە، لە هەمان كاتدا بەشێك لە هاووڵاتیان ڕایانگەیاندووە، كە تەنانەت پەیوەندی دەنگی و كورتە نامە لە هەندێك شوێن كارناكات.

هەر بەپێی هەواڵی میدیاكان، “سیستەمی بانكی لە ئێرانیش ڕووبەڕووی كێشە بووەتەوە، ناتوانرێت كارەكانی بانكی تەواو بكرێت”.

لە کاتێکدا زۆرێک لە بەکارهێنەرانی سۆشیال میدیا تویت و پۆستیان نووسیوە سەبارەت بە خاوبوونەوەی ئینتەرنێت لە وڵاتەکەدا، ڕوونیکردەوە کە “خێرایی دابەزاندنی ئێستا تەنها ڕێگەیان پێدەدات سایتە ناوخۆییەکان و ماڵپەڕی گووگڵ بکەنەوە”.

مانگی ئازاری ساڵی ڕابردوو، دوای پەسەندکردنی پڕۆژەی سنووردارکردنی ئینتەرنێت کە بە پرۆژەی “پاراستن” ناسراوە لە لیژنەیەکی هاوبەشی پەڕلەمانی ئێراندا، زۆرێک لە بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت لە ئێران ڕایانگەیاند، کە پڕۆژەکە لە ئێستاوە دەستی پێکردووە و خێرایی ئینتەرنێتیش بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.