سەردێر

پەڕلەمانتارێكی پێشووی یەكێتی: دەبێت هەڵبژاردنی پێشوەختە بكرێت

خەڵك-
پەڕلەمانتارێكی پێشووی یەكێتی لە پەڕلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ماوە دەستوورییەكان تێپەڕیون و دەبێت سەرۆك كۆمار داوای هەڵوەشاندنەوەی پەڕلەمان بكات.

ئارەزوو مەحمود، ئەندامی خوولی پێشووی پەڕلەمانی عێراق لە هەژماری خۆی سەبارەت بە دۆخی عێراق ئاماژەی بەوەكردووە، بەھۆی تێپەربوونی ماوە دەستوریەكان و بئ ئیرادەیی و بێ توانای سەرۆك و ئەندامانی خوولی پێنجەمی پەڕلەمانی عیراق بۆ ھەلبژاردنی سەرۆك كۆمار و پێكھێنانی كابینەی حكومی، پاڵپشت بە ماددەی (٦٤ ) برگەی دووەمی دەستوری عیراق، پێویستە سەرۆك كۆمار داوای ھەرچی زووە ھەڵوەشاندنەوەی پەڕلەمان بكات.

ڕاشیگەیاندووە، دەبێت سەرۆك كۆمار داوای ھەڵوەشاندنەوەی پەڕلەمان بكات و كاربكرێت بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەختە.

نزیكەی 10 مانگە هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ پەڕلەمانی عێراق كراوە، بەلام بەهۆی ململانێی كورد لەسەر سەرۆك كۆمار و شیعە لەسەر سەرۆك وەزیران و ڕاگەیاندنی كوتلەی زۆرینە، نە سەرۆك كۆمار هەڵبژێردراوە و نە كەسێك بۆ سەرۆك وەزیران و پێكهێنانی حكومەت ڕاسپێردراوە و تا ئێستا حكومەتەكەی كازمی بە كاربەڕێكەر ماوەتەوە.

لە ئێستاشدا بەهۆی قووڵبوونەوی ململانێكانی ناو ماڵی شیعە (كوتلەی سەدر بەرامبەر چوارچێوەی هەماهەنگی) دۆخی سیاسی عێراق گەیشتۆتە ئاستی چەقبەستن بەجۆرێك دوای كشانەوەی پەڕلەمانتارانی ڕەوتی سەدر لە پەڕلەمان و پڕكردنەوەی كورسییەكان لەلایەن بەرەكەی دیكەوە دیاری كردنی محەمەد شیاع سودانی بۆ سەرۆك وەزیران، لە دوێنێوە دۆخی بەغدا شڵەژاوە و خۆپیشاندەرانی سەر بە سەدر چوونەتە ناو پەڕلەمان و كۆنتڕۆڵیان كردووە و ناهێڵن كۆبوونەوەی پەڕلەمان بكرێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و پێكهێنانی حكومەت.