سەردێر

چین كەرەنتینە بەسەر یەكەم شوێنی دەركەوتنی كۆرۆنادا دەسەپێنێت

خەڵك-
دەسەڵاتدارانی چین، كرەنتینە بەسەر نزیكەی ملیۆنێك كەسدا دەسەپێنن لە یەكێك لە ناوچەكانی وۆهان كە دەكەوێتە ناوەڕاستی وڵاتەكە و بۆ يەكەمجار تووشبوونی بە ڤایرۆسی كۆرۆنادا تێدا دەركەوت.

ئەمڕۆ پێنج شەممە، میدیاكانی چین بڵاویانكردەوە”دەسەڵاتداران فەرمانیان بە دانیشتوانی ناوچەی جیانگشی كردووە لە ماڵەكانی خۆیاندا بمێننەوە بۆ ماوەی سێ‌ ڕۆژ، دوای دەركەوتنی چوار حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بەبێ‌ ئەوەی نیشانەكانیان پێوە دەربكەوێت”.

ئەو میدیایانە دەڵێن”پاش ماوەیەكی كەم لە بڕیاری سەپاندنی كەرەنتینە، دوو حاڵەتی تووشبوونی نوێ‌ لەنێوان ئەو كەسانەدا دەركەوت كە لەگەڵ تووشبووەكاندا بەریەكەوتنیان هەبوو”.

چین لەئێستادا ستراتیژێك پیادە دەكات كە لێوەی دەیەوێت ڕێژەی تووشبوون بە كۆرۆنا بگەیەنێتە سفر و  ڕێكاریی پشكنینی بەكۆمەڵ و سەپاندنی ڕێكاریی توند و كەرەنتینە لەخۆدەگرێت.

وۆهان لە هەموو جیهاندا بەوەناسرا كە لەسەرەتای ساڵی 2020 یەكەم شوێن بوو زانایان ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێیان تێدا دۆزییەوە، یەكەم شاریش بوو كە ڕێكارەكانی خۆپارێزی و كەرەنتینەی تێدا گیرایەبەر.