سەردێر

دادگای فیدراڵی بڕیاریكی لە بەرژەوەندی هەرێم دەركرد

خەڵك –
دوای شەش مانگ لە دانیشتنەكانی دادگای فیدراڵی عیراق لە سەر كەیسی یاسای هەمواری دووەمی یاسای یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی لە هەرێمی كوردستان ، ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی لەبەرژەوەندی پەرلەمانی كوردستان یەكلاكرایەوە و دەسەڵاتی “پاراستنی ناوە بازرگانیەكان” درا بە وەزارەتی بازرگانی هەرێمی كوردستان.

ڕۆژی تشرینی یەكەمی 2021 پەرلەمانی كوردستان (یاسای هەمواری دووەمی یاسای یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی لە هەرێمی كوردستان) پەسەندكرد، ئەم هەمواری ژووری بازرگانی بەغدای نیگەرانكرد بەتایبەت لەو بڕگەیەكی هەموارەكە، كە پەیوەندیداربوو بە پاراستنی (ناوی بازرگانی).

دواتر سەرۆكی ژووری بازرگانی بەغدا لە دادگای فیدراڵی سكاڵای دژی پەرلەمانی كوردستان تۆماركرد، تۆمەتباری كرد بەوەی هەموارەكەی پێچەوانەی دەستورە، بەو پێیەی بەوتەی ئەوان پەرلەمانی كوردستان دەسەڵاتی پاراستنی ناوە بازرگانیەكانی داوە بە وەزارەتی بازرگانی هەرێم لەكاتێكدا ئەمە بابەتێكی ناوەندییە لای حكومەتی فیدراڵە.

ئەمڕۆ یەك شەممە 24ی تەمموزی 2022 دادگای فیدراڵی عیراق لەبەرژەوەندی پەرلەمان یەكلاكرایەوە و دەسەڵاتی پاراستنی ناوە بازرگانیەكان درا بە وەزارەتی بازرگانی هەرێمی كوردستان.

ئەمە لەكاتێكدایە، لەهەفتەی ڕابردوودا دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق بڕیارێكی دیكەی لە بەژەوەندی هەرێمی كوردستان دەركرد، كە تیایدا جەختی لە یاسایی بوونی ناردنی بودجە و 200 ملیار دینارەكە بۆ هەرێمی كوردستان كردبووەوە .