سەردێر

چەند بڕیارێك بۆ فرۆشتنی سیم كارت بە هاووڵاتیان دەركرا

خەڵك-

هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان چەند بڕیارێكیان دەربارەی فرۆشتنی سیم كارت بە هاووڵاتیان و مامەڵە پێوەكردنی لە بازاڕەكان دەركرد.

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم لەڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بۆ نەهێشتنی دیارەی فرۆشتنی سیم كارتی بێ مۆڵەت لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان هەڵسا بە دەرچواندنی ڕێنمایی ژمارە (8ی ساڵی 2021) تایبەت بەم بابەتە پاڵپشت بە گەڵاڵەنامەی تایبەت بە رێكخستنی میكانیزمەكانی فرۆشتنی تویژاڵی سیمی ئەلكترۆنی (سیم كات) كە دەرچوو لە لایەن دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی حكومەتی فیدڕاڵ (CMC) بۆ بنبڕكردنی فرۆشتنی سیم كارت لە بازاڕەكان بەدەر لە میكانیزمە یاساییەكانی فرۆشتن و بە خاوەنكردنیان بە پێی بایۆمەتری ئەلیكترۆنی.

وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەشكردووە، “داوا لە هاووڵاتیان و كۆمپانیاكانی بواری پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری پەیوەندی (مۆبایل و ئینتەرنێت) دەكەین، هاوكار و پابەندبن بە جێبەجێكردنی ڕێنماییەكان بەمەبەستی سەرخستنی ئەم پڕۆسەیە لە پێناو بەرژەوەوەندی هاووڵاتیان و كەمكردنەوەی ئەو گیروگرفتانەی، كە پەیوەندیان بە (سیم كارت)ی بێ خاوەنەوە هەیە”.

بۆ جێبەجێ كردنی بڕیار و ڕێنمایی ئاماژەپێدراو لە سەرەوە ئەم ڕێكارانەی خوارەوە دەگیرێنەبەر:
یەكەم: مۆڵەتی یەك مانگ لە (24-7-2022) تا (23-8-2022) دەدرێتە سەرجەم كۆمپانیاكانی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری پەیوەندی (مۆبایل و ئینتەرنێت) بە ئاگاداركردنەوەی بریكارەكانی فرۆشتنی سیم كارت لە بازاڕەكان (سەرەكی و لاوەكی) بەمەبەستی دەرهێنانی مۆڵەت لە وەزارەتی ناوخۆ و بە ڕەزامەندی ئاسایشی تایبەتمەند كە لە رێنماییەكەدا دەقنوسكراوە.

دوەم: لە رۆژی (24-8-2022) بە دواوە دەستدەكرێت بە هەڵمەتی داخستنی گشت ئەو شوێنانەی كە سیم كارت دەفرۆشن مۆڵەتییان نییە لەلایەن لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتەكان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان فرۆشتنی سیم كارت بێ مۆڵەت قەدەغە دەكرێت بە هەمو شێوەیەك و لە میانەی ئەو مانگە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن كەمپینێكی ڕاگەیاندن ئەنجام دەدات لە گشت هۆكارەكانی راگەیاندنی (بیسترا و بینراو) بۆ ئاگاداركردنەوەی هاووڵاتیان بە پێویستی تۆماركردنی سیم كارتەكانیان كە بە ناوی خۆیان نییە بەپێی ڕێنمایی سەرەوە .

سێیەم: لە دوای جێبە جێكردنی میكانیزمی سەرەوە لیژنەكانی بەدواداچون، كە لە رێنماییەكەدا هاتووە، كاری پێویست ئەنجام دەدەن سەبارەت بە پشكنین و سەردان بۆ بازاڕەكان بۆ دڵنیابون لە ڕادەی جێبەجێكردنی ئەم ڕێنماییە بە سەرپەرشتی خودی پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆیەكان .