سەردێر

ڕێژەی تووشبوون بە كۆلێرا لە بەرزبوونەوەدایە

كەسێك لە كەركوك بە نەخۆشییەكە گیانی لەدەستدا

خەڵك-
وەزارەتی تەندروستی عیراق، تۆماركردنی 52 حاڵەتی تووشبوونی نوێ‌ بە نەخۆشی كۆلێرا لە تەواوی پارێزگاكانی عیراق ڕادەگەیەنێت، ئاماژە بە مردنی كەسێكیش دەكات لە پارێزگای كەركوك بە نەخۆشییەكە.

بەپێی بەیاننامەیەك كە ئەمڕۆ شەممە لەلایەن سەیف بەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عیراقەوە بڵاوكرایەوە”52 حاڵەتی تووشبوونی نوێ‌ بە نەخۆشی كۆلێرا تۆماركرا، بەمشێوەیە كۆی گشتی تووشبووان بە كۆلێرا گەیشتە 309 حاڵەت”.

بە وتەی سەیف بەدر”حاڵەتێكی مردن لە پارێزگای كەركوك بە كۆلێرا تۆماركرا و كۆی گشتی مردنی بە نەخۆشییەكە گەیاندە سێ‌ كەس كە دوانیان لە كەركوك و یەكێكیان لە بەغدا تۆماركران”.

سەبارەت بە تای خوێنبەربوونیش، بەدر دەڵێت”ژمارەی تووشبوان لە سەرەتای ساڵەوە گەیشتۆتە 246 كەس، تائێستاش 40 كەس بە نەخۆشییەكە گیانیان لەدەستداوە”.