سەردێر

بوونی فشارێك بۆ ڕێككەوتنی یەكێتی و پارتی ئاشكرا دەكرێت

خەڵك-
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ڕەتیدەكاتەوە هیچ وادەیەك دیاری كرابێت بۆ كۆبونەوەی نێوان پارتی و یەكێتی،‌ بەڵام ئاماژە بە بوونی بەرنامە وگفتوگۆ دەكات لەلایەن لایەنی تر هەیە كە بە وتەی ئەو دەخوازێت و فشاری هەیە، و ئامۆژگاری هەیە كە یەكێتی و پارتی دابنیشن ئەم قۆناغە تێپەڕێنن.

هەرێم كەمال ئاغا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق و ئەندامی سەركردایەتی حزبەكە بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاندووە”ئەو فشار و داخوازییانە لە لایەن دۆستەكانمانەوەیە، چ نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەمەریكا، ئێران و وڵاتانی تر، یاخود دۆستە نێوخۆییەكانمان لە نێوماڵی شیعە بەتایبەتی هەتا ناوماڵی سونەش، دۆستەكانی كورد بەگشتی ئەم داخوازیەیان هەیە كە یەكێتی و پارتی ڕێكبكەون بۆ ئەم قۆناغه، بە وتەی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی، چوارچێوەی هەماهەنگیش فشاری لەسەر یەكێتی و پارتی هەیە، لەو ڕووەوە دەڵێت” چوارچێوەی هەماهەنگی داخوازیان ئەوەیە كە كورد ئەم بابەتە تێپەڕێنێت لەدوای جەژن ڕێكبكەون لەسەر سەرۆك كۆمار ئایا بەتیمی هاوبەش بێت یان بەجیا بەهەرشێوەیەك لەشێوەكان، وتیشی” ئەم قۆناغە هەستیارە دەبێت بەهەرشێوەیەك بێت یەكێتی و پارتی دەربازی بكەن له ‌پێناو بەرژەوەندییەكان و قوربانییەكانی كورد لەپێناو دەستەبەركردنی داخوازییەكانمان و مافەكانی داهاتوومان دەبێت سازش بكرێت بۆئەوەی لەدەرئەنجامێكدا كورد تێیدا نەبێتە زەرەرمەند. ”

بە وتەی هەرێم كەمال ئاغا”گفتوگۆكانی بەغداد بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو بەتایبەتی دوای كشانەوەی ڕەوتی سەدر گفتوگۆكان گەرمتر بوون، چ بۆ سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران دوای ڕاگەیاندنی كوتلەی گەورەی ماڵی شیعە كە وابڕیارە لە دوای جەژن ئەمانە تەواو بێت، هەروەها‌ بۆ ناو ماڵی كوردیش بەهەمان شێوە شیعە بە گشتی و بەتایبەتی ئەوەی ئێستا بۆ پێكهێنانی كوتلەی گەورە یان چوارچێوەی هەماهەنگی داخوازیان ئەوەیە كە كورد ئەم بابەتە تێپەڕێنێت له ‌دوای جەژن ڕێكبكەون لەسەر سەرۆك كۆمار ئایا بەتیمی هاوبەش بێت یان بەجیا بەهەرشێوەیەك لەشێوەكان . ”

هەرێم كەمال ئاغا دەڵێت” داواكاری چوارچێوەی هەماهەنگی ئەوەبوو كە كورد ڕێكبكەوێت وەكو ئەوەی كە چۆن شیعە خەریكە لەنێوماڵی خۆیان ڕێكبكەون لەسەر هەم كوتلەی گەورە و هەم سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، خۆی هەتا ئێستا هەردوولایەن یەكێتی و پارتی بەجیا وەفدیان لەبەغداد بووە و بەجیا گفتوگۆ كراوە و بەجیاش بۆسەر كۆمار كاندیدیان هەیە هەتا ئێستا یەكێتی نیشتیمانی كوردستان سوورە لەسەر كاندیدەكەی خۆی كە كاك بەرهەمە بۆ سەرۆك كۆمار، وە ئەمەش ئەگەر وابڕوات وەكو بابەتی ساڵی 2018 بەدوو كاندیدی جیا یەكێتی بە كاندیدی خۆی و پارتیش به ‌كاندیدی خۆی بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی كۆمار لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەداهاتوودا دەكرێت. “