خەڵك –
فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران ڕایدەگەیەنێت، هەر بڕیارێكی شۆڤێنی بدرێت و كاریگەری لەسەر پێكەوەژیانی ئاشتییانەی پێكهاتە ڕەسەنەكانی شاری كەركوك هەبێت، لای ئێمە ڕەتدەكرێتەوە و كاری پێناكرێت، دەشڵێـت،”بڕیارەكەی پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك بە تەعریبكردنەوەی كەركوكە و هەڵمانوەشاندەوە”.
ڕاكان جبوری، پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك لە نوسراوێكدا بڕیاریداوە ئەو هاووڵاتییانەی نیشتەجێی كەركوك نین و فۆرمی خۆراكی پارێزگاكەیان هەیە، فۆرمەكەیان لێوەربگیرێتەوە، بەڵام دوای چەند كاتژمێرێك بڕیارەكە لە بەغداەوە هەڵوەشێندرایەوە.
فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، نوێنەرانی كەركوك بڕیارەكەی ڕاكان جبوری بە نایاسایی ناودەبەن و ئەمڕۆ لەگەڵ پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت كۆبونەوە و بڕیارەكەیان هەڵوەشاندەوە، چونكە پێیانوایە ئامانجی ئەو بڕیارە تەعریبكردنەوەی كەركوكە نەك پاراستنی دۆخی ئەمنیی پارێزگاكە.
هاوكات لە ڕاگەیەنراوەكەدا نوێنەرانی كەركوك لە فراكسیۆنی یەكێتی لەئەنجومەنی نوێنەران، سوپاسی سالار عەبدولستار، وەزیری دادی عێراق دەكەن، كە دوای پەیوەندیكردنی بە مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق، لەبارەی كارپێنەكردنی بڕیارەكە دڵنیایكردوونەتەوە.
لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، كە هاوڵاتییانی شاری كەركوك دڵنیادەكەنەوە، كە هەر بڕیارێكی شۆڤێنی بدرێت و كاریگەری لەسەر پێكەوەژیانی ئاشتییانەی پێكهاتە ڕەسەنەكانی شاری كەركوك هەبێت، لای ئەوان ڕەتدەكرێتەوە و كاری پێناكرێت.