سەردێر

پێنج ناو بۆ سەرۆكایەتی حكومەتی داهاتووی عیراق دیاریی دەكرێن

دەركەوتووترینیان نوری مالكییە

خەڵك-
جەبار مەعموری، سەركردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی، ئاماژە بە پێنج ناو دەكات بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكایەتی حكومەتی داهاتوو كە نوری مالیكی دەركەوتووترینیانە، هەڵبژاردنی ناوی یەكێك لەوانەش بە وتەی مەعموری”لەڕێی زۆرینەی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە دەبێت”.

ئەمڕۆ دوو شەممە، مەعوری لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”دوو ڕۆژ لەمەوبەر لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەرگای كێبڕكێیان كردەوە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، لەو نێوەندەشدا 5 ناو دیاریكران كە دەركەوتووترینيان نوری مالكییە”.

مەعموری دەڵێت”چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر یەكخستنی ڕاوبۆچوونەكانی ڕێكەوتووە، تا بە یەك ناو بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران بچێتە پێشەوە، بەو پێیەی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانییە، پێشنیاركردنی ناوەكەش بەر لە كۆتایی پشووی جەژنی قوربانی پیرۆز دەبێت، لەماوەی چەند ڕۆژی داهاتووشدا سێ‌ كۆبوونەوەی یەكلاكەرەوە سازدەكرێن بۆ دیاریكردنی ئەو كەسەی چانسی وەرگرتنی پۆستەكەی پپَدەبڕێت”.

ئەو سەركردەیەی چوارچێوەی هەماهەنگی، ڕەتیدەكاتەوە هیچ هێڵێكی سور لەسەر كاندیدەكان هەبێت بۆ پۆستەكە لەنێو چوارچێوەیەی هەماهەنگی، بەڵام “هەموو لایەنەكان پێداگرن لەسەر هەڵبژاردنی كەسێتییەكی بەهێز”.