سەردێر

ئەمینداری یەكگرتوو؛ سەركردەكانی كورد دەرس و عیبرەتیان لە پەرتبوون و ناتەبایی وەرنەگرتووە

خەڵك –
ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ڕایدەگەیەنێت ، سەركردەكانی كورد دەرس و عیبرەتیان لە پەرتبوون و ناتەبایی وەرنەگرتووە، كە زۆربەی شكستی شۆڕش و خەباتی كورد بە هۆی ناتەبایی و خۆخۆری هاتۆتە ئاراوە.

سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دوو شەممە 4-7-2022 لە شاری سلێمانی لەگەڵ ژمارەیەك لە كادرانی سنوری مەڵبەندی یەكی سلێمانی حزبەكەی كۆبویەوە و ڕایگەیاند، بەدرێژایی مێژوو هەوڵی دەرەكی و نێوخۆیش بۆ دورخستنەوەی ئیسلام لە كورد شكستی هێناوە.

ڕاشیگەیاندووە، مێژوو ئەوەی سەلماندووە، كە ئیسلام خزمەتی گەورەی بە سەرجەم گەل و نەتەوە جیاوازەكان كردووە، لەنێویشیاندا گەلی كورد، كە پڕاوپڕە لە زاناو سەركردەی دیار كە پەروەردەكراوی ئیسلام بون و جیهانی ئیسلامیش شانازی پێوەكردوون.

لەبەشێكی دیكەی وتەكانیدا ئەمینداری یەكگرتوو تیشیكی خستۆتەسەر بارودۆخی عێراق و هەرێم و ئاشكراشیكردووە، سەركردەكانی كورد دەرس و عیبرەتیان لە پەرتبوون و ناتەبایی وەرنەگرتووە كە زۆربەی شكستی شۆڕش و خەباتی كورد بەهۆی ناتەبایی و خۆخۆری هاتۆتەئاراوە.