خەڵك –
پزیشكێكی هەناوی و ئەندامی تیمی ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا لە سلێمانی ڕایدەگەیەنێت ، ئەو شەپۆلەی كۆرۆنای ئۆمیكرۆن Ba5,Ba4 ڕووی لەهەرێم كردووە، جیاوازی لەگەڵ Ba2ی دوو مانگی ڕابردوو تەنها لە خێرایی بڵاوبوونەوەكەیدایە ، بەڕێژەی %30 خێراتر بڵاودەبێتەوە.
د.هێرش حەیدەر، ئەندامی تیمی ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا لە سلێمانی بڵاویكردەوە، لە ئێستادا لەهەمان شەپۆلی ئۆمیكرۆنداین چەند گۆڕانكاریەكی كەم لە ڤایرۆسەكەدا ڕوویداوە و جیاوازی ئەم شەپۆلەی ئۆمیكرۆن Ba5,Ba4 لەگەڵ Ba2ی دوو مانگی ڕابردوو تەنها لە خێرایی بڵاوبوونەوەكەیدایە، بەڕێژەی %30 خێراتر بڵاودەبێتەوە.
دەشڵێـت،” ڕێژەی مردن لە جیهاندا زیادیكردووە، بەڵام خۆشبەختانە ڕێژەكە لە كوردستان لە نزمترین ئاستدایە، ڕێژەی داغڵبوونی نەخۆش زۆر لە %1 كەمترە”.
ڕاشیگەیاندووە، لە كاتی بوونی نیشانەدا سەردانی پزیشكی پسپۆر بكە بۆ ئەوەی چارەسەری پێویستت بۆ دابنێ لەگەڵ ڕێنمای پێویستدا و دووربی لە چارەسەری نا زانستی
نیشانەكانی بریتین لە:
لەرزوتا، قوڕگ ئێشە، گیان داهێزران، سەرئێشە، هەڵامەت، دەنگ گۆڕان، بێهێزیەكی زۆر.
شایەنی باسە نەمانی تام و بۆن زۆر كەمترە و بە ڕێژەیەكی زۆر كەم سكچوونی لەگەڵە.
ماوەی حەوت ڕۆژ كەمتر دەخایەنێت.