سەردێر

هەرێمی كوردستان، نیوەی ژنان لەساڵی ٢٠٢١ بۆ منداڵبوون پەنایان بۆ نەشتەرگەری بردووە

خەڵک-ئارام سەردار
بەپێی ئامارێکی دەستەی ئامار کە بۆ ڕووپێوی باروودۆخی کۆمەڵایەتی و تەندرووستی ژنان لە هەرێمی کوردستان ئەنجامی داوە بۆ ساڵی ٢٠٢١ منداڵبوون بەنەشتەرگەری بەڕێژەی زیاتر لە ٢٤٪ زیادی کردوە بەراورد بە ١٠ ساڵی پێشتر.
بەپێی ئامارەکە کەوێنەیەکی دەست (خەڵك) کەوتووە، لەنێوان ساڵی ٢٠١١ بۆ ٢٠٢١ جیاوازی زۆر دروست بووە لە نێوان منداڵبوون بەڕێگەی سرووشتی و منداڵبوون بەڕێگەی نەشتەرگەری، بەشێوەیەک لەساڵی ٢٠١١ تەنها لە 26.4% ژنان بەڕێگەی نەشتەرگەری منداڵیان بووە، بەڵام منداڵ بوون بەنەشتەرگەری لە ساڵی ٢٠٢١ ڕێژەکەی،بۆ ٥٠.٨٪ بەرزبۆتەوە، بەم پێیەش ئێستا زیاتر ژنان پەنا بۆ نەشتەرگەری دەبەن.
هەروەک لەئامارەکە لەبارەی منداڵبوون بەڕێگەی سرووشتی ئەەخراوەتەڕوو لەساڵی ٢٠١١ تەنها لە ٦٧.٦% ژنان بەڕێگەی سرووشتی منداڵیان بووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢١ ڕێژەکەی بۆ ٤٩.٢٪ کەم بۆتەوە.
ستار باقی، ماستەر لەدەرووناسی کۆمەڵناسی لەبارەی ئەو ئامارە بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، بەرزبوونەوەی ڕێژەی منداڵبوون بەنەشتەرگەری بۆ نزیکەی لە ٥١٪ جێگای هەڵوەستە لەسەرکردنەو چەندین هۆکار لەپشت ئەمە هەیە کە ژنان تادێت زیاتر بۆ منداڵبوون پەنا بۆ نەشتەرگەری ببەن.
دەشڵێت، لەگەڵ ئەوەی بەشێکی کەمی ژنان لەناچاری نەشتەرگەری ئەنجام دەدەن بۆ منداڵبوون کە بەهۆی چەند دۆخێکی تەندرووستی پزیشک بڕیاری لەسەر دەدات، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێکی ژنان بۆ تێک نەچوونی جەستە و جوانکاری پەنا بۆ نەشتەرگەری دەبەن، لەهەمان کاتیشدا هۆکارێکی تر دەگەڕێتەوە بۆ هەبوونی پارە کە دەیانەوێت لەنەخۆشخانەی ئەهلی نەشتەرگەری بکەن و بوونی ڕۆژێکی دیاری کراویش هۆکارێکی ترە کە زۆر کات دایک و باوکان حەز دەکەن لە ڕۆژ و مانگێک بێت کە یادگاریەکیان تێدا هەیە.