سەردێر

خۆڵبارین هەموو ناوچەكان دەگرێتەوە

خەڵك-
دەزگای كەشناسی عیراق پێشبینی كەشوهەوا دەكات لە وڵاتدا و پێیوایە لە سبەینێ‌ سێ‌ شەممەوە خۆڵبارین دەستپێدەكاتەوە.

بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن دەزگای كەشناسی عیراقەوە بڵاوكرایەوە”كەشوهەوای وڵات بۆ سبەینێ‌ سێ‌ شەممە ساماڵ دەبێت، لە هەندێك ناوچەی خۆرئاوا لە دوای نیوەڕۆوە دەبێتە خۆڵبارین، لە ناوچەی باكوور ساماڵ دەبێت و لە باشووریش لە دوای نیوەڕۆوە خۆڵبارین دەستپێدەكات، پلەكانی گەرماش لە زۆربەی ناوچەكاندا گۆڕانكارییان بەسەردا نایەت”.

لە ڕۆژی چوار شەممە، لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشوور ساماڵ دەبێت و ناوچەكانی خۆرئاواش هەندێك خۆڵبارین بەخۆدەبینن، پلەی گەرماش هاوشێوەی ڕۆژی پێشوو دەبێت.

بۆ ڕۆژی پێنج شەممەی داهاتوو، كەشناسی پێشبینی كردووە، لە ناوچەكانی باكوور و خۆرئاوا ساماڵ بێت و لە دوانیوەڕۆوە خۆڵبارین دەسپێبكات، لە ناوچەكانی باشوریش هەندێك خۆڵبارین دروست دەبێت.

سەبارەت بە هەینی داهاتوو”ناوچەكانی ناوەڕاست ساماڵ دەبێت و لە دوانیوەڕۆوە خۆڵبارین لە ناوچەكانی باكوور دەستپێدەكات، پلەی گەرما لە ناوچەكانی ناوەڕاست هەندێك دابەزین بەخۆوە دەبینێت و لە ناوچەكانی باكوور و باشووری وڵات، هاوشێوەی ڕۆژی پێشوو دەبێت.