سەردێر

دەست بە هەڵبژاردنی نوێنەرانی كۆنگرەی پارتی دەكرێت

خەڵك-

مەحمود محەمەد وتەبێژی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، پڕۆگرامەكان بۆ كۆنگرەی پارتی هەمووی داڕێژراون و، پەیڕەوی ناوخۆش بەهەمان شێوەی خۆی دەبێت.

ماڵپەڕی فەڕمی پارتی دیموكراتی كوردستان لە زاری مەحمود محەمەد وتەبێژی فەرمی حیزبەكەوە بڵاویكردەوە” پڕۆگرامەكان بۆ كۆنگرەی پارتی هەمووی داڕێژراون و، پەیڕەوی ناوخۆش بەهەمان شێوەی خۆی دەبێت، لیژنەی پێویست دروست كراوە و، سەرقاڵی ئیش و كارەكانیانن”.

راشیگەیاند، لەم ماوەیەدا دەست بە هەڵبژاردنی نوێنەرانی كۆنگرە دەكرێت.

مەحمود محەمەد، لەبارەی رەوشی عێراقەوە رایگەیاند فراكسیۆنی گەورەی پەرلەمانی پاشەكشەی كرد، و گومانیش دەكات لەوانەیە ئەو ئاستەنگ و كێشانەی زیاتر دروست كردبێت،

ئەو جەختیش دەكاتەوە، كە وەك پارتی سیاسەت دەكەن و، لە سیاسەتیشدا هونەری ئەگەرەكان بەكار دێنن، لە ئێستادا پەڕاوێكی لێكتێگەیشتن لە بەینی پارتی و چوارچێوەی هەماهەنگی واژۆ كراوە، ئەوەش لەسەر بنەمای هاوبەشی و ڕێككەوتن و هاوسەنگی لە حوكمڕانی عێراق، هەروەها لەسەر بنەمای كۆمەڵێك بابەتی دیكە، كە بەلای هەردوو لایانەوە گرینگن.