سەردێر

محەمەدی حاجی مەحمود ئامانجی سەردانەکەی بۆ ئێران ئاشکرا کرد

خەڵک-

محەمەدی حاجی مەحمود ناوەڕۆکی سەردانەکەی بۆ ئێران ئاشکرا کرد و دەڵێت، كۆماری ئیسلامی لە هیچ شتێك بێ ئاگا نییە كە لە ناوچەكە روودەدات، دەشڵێت:” قائانی داوایلێکردم، هەوڵبدەم نێوان یەکێتی و پارتی هێوربکەمەوە، چیم پێکرا بیکەم”.

لە چەند رۆژی رابردوودا محەمەدی حاجی مەحمود سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، سەردانی وڵاتی ئێرانی کرد و لەگەڵ ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودس و چەندین بەرپرسی باڵای ئێرانی کۆبووەوە.

محەمەدی حاجی مەحمود، سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان، لەبارەی ڕای ئێرانیەکان لەسەر موشەک بارانکردنی هەولێر و فشاری هێزە شیعەکان بۆ سەر هەرێم، بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە، “ئێرانیەکان ڕەنگە ئاگاداری فشارەکان بن، ئەوان بێ ئاگا نیین لە ڕووداوەکان، چونکە ئێران حوکمی چەندین وڵات دەکات و لەعێراقیش خاوەن بڕیارە، هەر ئەوان نەیانهێشت سەدر هیچ بکات، بۆیە کاریگەریان لەسەر ڕووداوەکان هەیە.”

وتیشی”نازانم ئاگاداری موشەک بارانی هەولێرن یان نە، بەڵام ئەو گروپانەی هەولێریان موشەک بارانکرد، بە عەینی موشەک، کێڵگەی غازی کۆرومۆریشیان موشەک بارانکرد، ئەمە پەیوەندی بەعێراق و حەشدی شەعبیەوە هەیە، کە لەچەندین گروپی جیاواز پێکهاتوون و کەس بەکەس نیە، لەهەموو حاڵەتێکیشدا کۆماری ئیسلامی ئێران لە هیچ شتێک بێ ئاگا نییە، کە لە ناوچەکە ڕوودەدات.”

لەبارەی ڕای ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار و کێشەی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر پۆستەکە، راشیگەیاندووە:”ئەوان لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەکەبوون، داوایانلێکردم، هەوڵبدەم نێوان یەکێتی و پارتی هێوربکەمەوە، چیم پێکرا بیکەم.”

ڕوونیشیکردەوە، بەمەبەستی سەردانی دکتۆر چووەتە ئێران، بەڵام کاتێک بەرپرسانی ئێران پێیانزانیووە لەو وڵاتەیە، داوایانلێکردووە بیبینن و زۆربەیانی بینیووە، ئەوان ڕەئیان وابوو، پەلە بکرێت لەپێکهێنانی حکومەتی عێراق، کێشەی سەرۆک کۆمار لەنێوان یەکێتی و پارتی چارەسەر بکرێت، ڕەنگە لەم ماوەیەدا خۆشیان سەردانی پارتی و یەکێتی بکەن، ئەوان جەختیان لە پشتیوانی وڵاتەکەیان بۆ هەرێم دەکردەوە.”

لە بارەی ئەوەی دەوترێت کە پەیامی مەسعود بارزانی لەبارەی چۆنیەتی بەشداریکردنی پارتی لەحکومەتی داهاتووی عێراق گەیاندووەتە ئێرانیەکان، وتیشی:” هیچ پەیامێکی جەنابی بارزانیم پێنەبوو، هاتم بۆ ئێران بەڕێکەوت لە فرۆکەخانە بافڵ تاڵەبانیم بینی، بەڵام هیچ پەیامێکم پێنەبووە.”

جەختیکردەوە”هەرچەندە ڕەنگە پێکهێنانی حکومەت بکەوێتە دوای جەژن، بەڵام هەوڵ هەیە تا سەدر لە سعودیە نەگەڕاوەتەوە حکومەت پێکبهێنرێت، چونکە گەر بگەرێتەوە، ڕەنگە پێکهێنانی حکومەت قورستر بێت، بەتایبەت دەوترێت مەرجەعیەت بەکاندیدکردنی مالیکی بۆ سەرۆک وەزیر ڕازی نیە، خەزعەلی داوای هەڵبژاردن دەکات، حەکیم ڕەتیدەکاتەوە بەشداری حکومەت بکات، چوارچێوەی هەماهەنگی لەنێو خۆشیان ڕێکنین.

ئاماژەی بەوەشکرد:”فشارەکانی عێراق بۆ سەر هەرێم سیاسین، ئەوان واتێگەیشتوون کورد لە دۆخێکی تایبەت دا و لە ژێر سێبەری ئەمەریکا شتی دەستکەوتووە، ئێستا ئەمەیان پێ قەبوڵ ناکرێت، نایانەوێت کورد لەعێراق شەریکیان بێت، ئەمە هۆکاری گوشارەکانە.”

لە بارەی هۆشدارییەکەی جنین پلاسخارت نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، بۆ لایەنە کوردییەکان دەڵێت”هەرێمی کوردستان، هەرێمێکی دەستوری و یاسایی دانپێدانراوە، پێموانیە مەترسی هەبێت لەسەری، ڕەنگە هۆشداریەکانی پلاسخارت، بەشێکی بۆ ترساندن بێت، بەشێکیشی بەهۆی خراپی پەیوەندی نێوان لایەنە کوردیەکانەوە بێت، کە بەغدا سود لەو ناکۆکییانە وەردەگرێت و هەوڵدەدات کێشەکان گەورەبکاتەوە و ئێستا کوالیتی باشتر بووە”.