سەردێر

ڕەشەبا بۆ 50 كیلۆمەتر زیاد دەكات

خەڵك-
خێرایی ئەو بایەی ناوچەكانی هەرێمی گرتۆتەوە زیاد دەكات و لە سلێمانی دەگاتە بەرزترین ئاستی و تاوەكو ڕۆژی پێنج شەممە بەردەوام دەبێت.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، سبەی دوو شەممە ٤-٧-٢٠٢٢ ئاسمانی ھەرێم بە ساماڵێكی ڕوون ئەمێنێتەوە، پلەكانی گەرماش بەڕاورد بە ئەمڕۆ زیاتر بەشێوەیەكی جێگیر ئەمێنێتەوە و كاریگەری ئاراستە بای باكوور و باكووری ڕۆژھەڵات بەچالاكی ئەمێنێتەوە بە تایبەت لەناوچەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ناوچە شاخاویەكانی بەخێرایی نێوان ٢٥ تا ٥٠كم لە كاتژمێرێكدا و زیانەكانیشی بەتایبەت لەسنوری پارێزگای سلێمانی، كە زیاتر چالاكترە بەڕاورد بەناوچەكانی دیكە زۆر كات ھۆكارە بۆ شكانەوەی ھەندێ جۆری درەختەكان.

ڕاشیگەیاند، لەناوچەكانی سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین و ناوچە شاخاوییەكانی ڕۆژھەڵاتی پارێزگای ھەولێر بەخێرایی نێوان ٢٠ تا ٤٥ كم/س لە ناوچەكانی سنوری ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای كەركوك لەنێوان ١٥ تا ٢٥كم/س چالاك ئەبێت لەناوچەكانی دیكەی ھەرێمدا كاریگەری كەمتر ئەبێت و ئاسایی ئەبێت.

ڕوونیشی كردۆتەوە، بە زۆری لەكاتەكانی بەرەبەیان و شەودا خێرایی با چالاكتر ئەبێت بەڕاورد بە كاتەكانی دیكە .

ئاماژەی بەوەشكرد، كاریگەری ئەم بایە لەسەر ژینگە و كەشی ناوچەكە ھۆكارە بۆ رێگری لەھاتنی تۆز و خۆڵ و پاكژكردنەوەی ھەوا و ئاسمانی ناوچەكە، بۆیە لە ڕۆژانی ئاسایی ئاسمان ڕوونتر و جوانتر دەردەكەوێت و كاریگەری ئەبێت لەسەر كەمكردنەوەی ڕادەی شێ.

ڕوونیشی كردەوە، كاریگەری ئەم بایە تا بەرەبەیانی ڕۆژی پێنج شەممە ٧-٧-٢٠٢٢ بەردەوامی ئەبێت.