سەردێر

خەڵك؛ وەڵامی ڕابەری بزووتنەوە بۆ كامیلی حاجی عەلی ئاشكرادەكات

خەڵك-
دوابەدوای نامەكەی كامیلی حاجی عەلی بۆ عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، ڕابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی، كە داوای دەستلەكاركێشانەوەی لە پۆستەكەی لێ‌ كردووە، ڕابەری بزووتنەوەكە وەڵامی داوەتەوە و پێی وتووە، “دەرگای گفتوگۆمان كراوەیە”.

لەمانگی ڕابردوودا كامیلی حاجی عەلی، كە لە كۆنگرەی حزبەكەیدا خۆی بۆ پۆستی ڕابەری بزووتنەوەكە كاندید كردبوو، بەڵام دەرنەچوو، نامەیەكی ئاڕاستەی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز كردووە و داوای دەستلەكاركێشانەوەی لێ‌ كردووە.

سەرچاوەیەكی باڵا لە بزووتنەوەی ئیسلامی بۆ (خەڵك) ئاشكرای كرد، ئەو نامەیە بوونی هەیە، كە تێیدا حاجی كامیل داوای بوون بە ڕابەر دەكات و لەبەرامبەریشدا حاجی عیرفان دەستلەكاربكێشێتەوە لەكاتێكدا ڕابەری بزووتنەوە لە كۆنگرەدا بەشێوەی شەرعی هەڵبژێردراوە و ئەو پۆستەی وەرگرتووە.

ڕاشیگەیاند، لەلایەن ڕابەری بزووتنەوەوە وەڵام دراوەتەوە، كە تێیدا جەختی لە بەكراوەیی هێشتنەوەی دەرگای گفتوگۆ كردۆتەوە و داوای لە حاجی كامیل كردووە ئامادەن پێكەوە دابنیشن و گفتوگۆ بكەن.

بە وتەی سەرچاوەكە، “دوێنێ‌ كۆبوونەوە كراوە و بڕیاردراوە لەگەڵ حاجی كامیل دابنیشن و گفتوگۆی لەگەڵ بكەن و بگەنە ڕێككەوتن و دۆزینەوەی دەرەچەیەك بۆ بابەتەكە”.

هەر بەپێی زانیارییەكان، چەند كەسایەتییەكی دیكەی پێشووی بزووتنەوەی ئیسلامی، كە ئەندامی كۆنگرە نەبوون و لە ئێستادا حزبی دیكەیان هەیە هەمان داواكارییان هەبووە بۆ دەستلەكاركێشانەوەی ڕابەری بزووتنەوە و لەشوێنی حاجی كامیل ببێتە ڕابەری بزووتنەوەكە.