سەردێر

“تاڵەبانی و قائانی كۆبوونەوە و موفاجەئە ڕوودەدات”

خەڵك-
پەڕلەمانتارێكی یەكێتی لە بەغدا ئاشكرای دەكات، كە بەهۆی كۆبوونەوەكەی تاڵەبانی و قائانی لە تەوێڵە دوای جەژنی قوربان موفاجەئە ڕوودەدات.

ئاسۆ فەرەیدون، ئەندامی پەڕلەمانی عێراق لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر بڵاویكردۆتەوە، “تەوێڵە ناوەندی بڕیاری سیاسییە”.

ئەو پەڕلەمانتارە ئاماژەی بەوەكردووە، “تەوێڵە گوندێكی جوانە و دەكەوێتە باكووری ڕۆژهەڵاتی هەڵەبجەوە و پۆڵ بریمەر لە كتێبەكەیدا باسی دەكات، كە تیایدا چەندین كۆبوونەوە ئەنجام دراوە لەنێوان هەردوو خوالێخۆشبووانی كۆچكردوو سەرۆك مام جەلال و جەنڕاڵ قاسم سولەیمانی”.

ئاشكراشی كردووە، “دەیان ساڵ تێپەڕیوە و جێنشینەكانیان لە هەمان شوێن یەكتریان بینییەوە و تێیدا چەندین بڕیاری گرنگ دران، كە دوای جەژن موفاجەئە ڕوودەدات”.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە لە مانگی ڕابردوودا میدیاكان هەواڵی ئەوەیان بڵاوكردۆتەوە، كە لە گوندی تەوێڵەی سنووريی لەگەڵ ڕۆژهەلاتی كوردستان، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی لەگەڵ ئیسماعیل قائانی، فەرمانگەی فەیلەقی قودسی ئێران كۆبۆتەوە.