سەردێر

ئەمساڵ 33 كەس لەسێدارە دراون

خەڵك-

لە شەش مانگی یەكەمی ساڵی ٢٠٢٢ دا لانی كەم سزای سێدارەی ٣٣ بەندكراوی كورد لە بەندیخانەكانی ئێران جێبەجێكراوە كە سەرجەمیان پیاو بوون و ناسنامەی ٣٢ كەسیان بۆ هەنگاو ئاشكرا بووە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆماركراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەكانی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا لانی كەم ٣٣ بەندكراوی كورد لە بەندیخانەكانی ئێران لە سێدارە دراون كە بە بەراوردی لەگەڵ ئاماری ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران كە لە دوایین ڕاپۆرتی خۆیدا باسی لە جێبەجێكرانی سزای سێدارەی ٢٥١ بەندكراو لە ماوەی ئەو ٦ مانگەدا لە هەموو ئێران كردووە، دەردەكەوێت كە ١٣.١٪ی كۆی ئەو بەندكراوانەی كە لەو ماوەیەدا لە ئێران لە سێدارە دراون بەندكراوی كورد بوون.

بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە سەرجەم ئەو بەندكراوانەی كە لە سێدارە دراون پیاو بوون و ناسنامەی ٣٢ كەسیان بۆ هەنگاو ئاشكرا بووە و تەنیا ناسنامەی یەكێكیان كە لە بەندیخانەی ئورمیە سزاكەی جێبەجێكراوە بۆ هەنگاو ئاشكرا نەبووە.

زیاترین ژمارەی سێدارە بە ٩ حاڵەت لە پارێزگای ئورمیە تۆماركراوە و لە پارێزگای سنە هیچ حاڵەتێك تۆمار نەكراوە. زیاترین بەندكراوەكان لە بەندیخانەكانی ئورمیە ٨ حاڵەت، ئیلام و خوڕەمئاوا ٧ حاڵەت و كرماشان ٥ حاڵەت لە سێدارە دراون.

لەو ماوەیەدا سزای سێدارەی فیرووز مووسالوو بەندكراوی سیاسی كورد و خەڵكی كۆتۆل بە شێوەی نهێنی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێ كراوە.

بە پشتبەستن بە ئامارەكانی هەنگاو، سزای سێدارەی سێ كەس لەو بەندكراوانە لە سەرچاوە حكومەتییەكان ئاماژەی پێكراوە و ٣٠ حاڵەتی دیكە لە میدیا حكومەتییەكان باسی لێ نەكراوە.