سەردێر

كۆنگرەی هەدەپە لە ئەنقەرە دەستیپێكرد

 

خەڵك-

ئەمڕۆ یەك شەممە لە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا كۆنگرەی پێنجهەمینی ئاسایی پارتی دیموكراتی گەلان هەدەپە دەستیپێكرد.

بەپێی زانیارییەكان كۆنگرەی هەدەپە بە دروشمی “ئێمە چارەسەرین” بە بەشداریی 50 هەزار ئەندام و لایەنگر دەستی بەكارەكانی كردووە كە لەو ژمارەیە هەزار و 50 كەس ئەندامی كۆنگرەن.

لەم كۆنگرەیەدا بڕیارە هەدەپە هەمواری پێڕەوی نێوخۆی بكاتەوە، بەتایبەت خۆ پاڵاوتن بۆ پۆستی هاوسەرۆك، كە ئێستا یەك هاوسەرۆك مافی خۆكاندیدكردنی هەیە، بەڵام بەپێی هەموارەكە هەردوو هاوسەرۆك دەتوانن خۆیان كاندید بكەن.

چاوەڕێدەكرێت مەدحەت سانجار و پەروین بوڵدان بە هاوسەرۆكانی هەپەدە بمێننەوە و هەڵبژێردرێنەوە، لای خۆیەوە ئێبرو گونای، وتەبێژی هەدەپە رایگەیاند، سەركردایەتییەكی چالاك و كارا هەڵدەبژێردرێت.

ئەم كۆنگرەیە لە حاڵێكدایە كە هەدەپە لە ژێر گووشارێكی زۆری هەردوو فەرمانڕەوای توركیا ئەكەپە و مەهەپەدایە و چەندین سكاڵای لەسەرە بە ئامانجی داخستنی پارتەكە، ئەمە دوور لە هەڵكوتانە سەر بارەگاكانیان و دەستگیركردنی ئەندام پەرلەمان و سەرۆك شارەوانییەكانیان.

پارتی دیموكراتی گەلان هەدەپە لە 15-10-2012 دامەزرێندراوە وەك پارتی سەرەكی كوردی توركیا و باكووری كوردستان دەناسرێت و بەشێكی دیكەی چەپەكانی توركیاشی لەخۆگرتووە و خاوەنی سێهەمین گەورەترین فراكسیۆنە لەپەرلەمانی توركیا.