سەردێر

عیراق؛نیوە زیاتری زەوییە كشتوكاڵیەكان لەژێر مەترسی بیابانبووندایە

خەڵك –
وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق ڕایدەگەیەنێت ، نیوە زیاتری زەوییە كشتوكاڵیەكان لەژێر مەترسی بیابانبووندایە و دوو هۆكاریش دەخاتەڕوو بۆ كەمبوونەوەی پلانی كشتوكاڵی و فراونبوونی ڕێژەی بیابانبوون.
ڕاویە مزعل ، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی دارستانەكان و نەهێشتنی بیابانبوون لە وەزارەتی كشتوكاڵ بۆ میدیاعیراقییەكان ڕایگەیاند، كەرتی كشتوكاڵ بە هەردوو لایەنی ڕووەكی و ئاژەڵیەوە پشت بەئاودەبەستن، بەڵام كەمبوونی باران لەزستانی ساڵی 2021 وكەمبوونەوەی قوڵپاندنی ئاو لەوڵاتانی سەرچاوەكانەوە بووە هۆی كەمبوونەوەی پلانی كشتوكاڵی.
ڕاشیگەیاند، ڕێگریگرتن لە بیابانبوون پێویستی بە كۆششی بێ وێنەهەیە لەو كەرتانەی كە پەیوەندیان پێوە هەیە، نەك هەر وەزارەتی كشتوكاڵ، هیوامان وایە كە یاسای ئاسایشی خۆراك نەختینەیەك دابینبكات بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردەیە.

ئاماژەشی بەوەكردووە، كە زەویە بیابانبووەكان نزیكەی 27 ملیۆن دۆنمن كە دەكاتە نزیكەی 15٪ ی ڕووبەری وڵات، ئاماژەشی بەوەدا كە 55٪ ی ڕووبەری عیراق لەژێر مەترسی بیابانبووندایە.

سەبارەت بە زەویە كشتوكاڵیەكان ئەو بەرپرسەی كشتوكاڵ باسی لەوەشكردووە، كە ئەو مەسەلەیە پەیوەندی بە پلانی كشتوكاڵیەوە هەیە و ئەو ڕووبەرانەش كە لەپلانەكە دەردەچن لەبەربێ ئاوی پێش وەرزی هاوین دەستنیشان ناكرێن.