سەردێر

موسەننا ئەمین: هەڵسوكەوتی حكومەتی هەرێم لە دۆسێی نەوت و گازدا گەیشتۆتە ڕادەی تاوان

پێیوایە دەكرا حكومەت بەخۆیدا بچێتەوە

خەڵك-
موسەننا ئەمین، پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق پێیوایە، هەڵسوكەوتی حكومەتی هەرێم لەپرسی نەوت وگازدا هەڵەیە و بگرە چوتە ڕادەی تاوانیش، بەپێویستیشی دەزانێت “حكومەتی هەرێم لەدوای دەرچونی بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی هەڵوێستەیەكی بكردایە لەسەر بابەتەكە و بیكردایە بە دەرفەتێك بۆ ڕاستكردنەوەی گرێبەستەكان و بۆ هاوتاكردنی نرخی نەوتی هەرێم لەگەڵ نرخی سۆمۆ”.

موسەننا ئەمین، پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاندووە: هەمواركردنەوەی یاسای نەوت و گاز پێموابێت چارەسەركردنی كێشەیەكی ناوخۆی هەرێمە پەیوەندی بەو ستافەی ئەنجومەنی نەوت و گازەوە هەیە بۆ دروستكردنی باڵانسێك تێیدا ئەندامێكی بۆ زیاد كراوە ئەمە لەوانەیە ڕێكەوتن یان ناكۆكی نێوان پارتی و یەكێتی بێت لەسەر ئەو پرسه،‌ یاخود پركردنەوەی جێگەیەكی بەتاڵ بێت”.

بە وتەی موسەننا ئەمین:”هەرێم نەك لەڕێگەی ئەم هەموارەوە لە دەیان ڕێگەی ترەوە نەك هەر بریارەكەی دادگای رەتكردۆتەوه،‌ بەڵكو تانەی لە دادگای فیدراڵیشی داوە و به ‌سیاسی ناساندویەتی تەنانەت قسەی هەندێك لە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان لەسەر دادگای فیدراڵی دەچێتە ناو تاوانی سوكایەتی كردن بە دادگا”.

ئەو پەرلەمانتارە كوردە دەڵێت:”من بەیاسایی دەبینم هەرێم یاسای نەوت و گازی هەبێت، چونكە بە پێی دەستور هەرێم هەندێك دەسەڵاتی هەیه،‌ بەڵام دەبێت بە هاوبەشی لەگەڵ حكومەتی ناوەندی پیادەی ئەو دەسەڵاتانەی بكات ئەوەش دەبێت یاسای نەوت و گازی فیدراڵی رێكی بخات، بەڵام ئەو بڕیارەی دادگا لەبۆشایی ئەو یاسایەدا دەرچو، بۆیە دادگاكە نەچۆتە ناو وردەكاری ئەوەی دەسەڵاتی هەرێم چەندە و دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندی چەندە كە دەستور باسیدەكات كە دەبێت هەردو حكومەت پێكەوە ئەم دەسەڵاتە پیادەبكەن یاسا ڕونی نەكردوەتەوه،‌ بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵیش هەتا ڕادەیەك نەیتوانیوە چارەسەری ئەو بۆشاییە یاساییە بكات”.

موسەننا ئەمین پێیوایە: هەڵسوكەوتی حكومەتی هەرێم لەپرسی نەوت وگازدا هەڵەیە‌ نەك هەر هەڵە، چوتە ڕادەی تاوانیش، نەك هەر بە تێڕوانینی حكومەتی ناوەندی و دادگای فیدڕاڵی، بەڵكو بەتێڕوانینی خەڵكی هەرێمی كوردستان نەوتی هەرێم تاڵانفرۆش و هەرزانفرۆش دەكرێت لە پلەی ئەوەی مانگانە نزیكەی هەندێكجار 150 ملیۆن دۆلار زیان لە هەرێم و عێراق دەدات بۆئەوەی كە كەمتر لەنرخی سۆمۆ و جیهانی دەیفرۆشێت گرێبەستەكانی نزیكەی 70% ی زیاتری ئەم داهاتە دەدات بە كۆمپانیای حیزب و كۆمپانیاكانی ناوخۆ و كۆمپانیاكانی دەرەكی و خەڵكی كوردستان 20%-25% داهاتیان بۆ دەگەڕێتەوە ئەو داهاتەشی كەبۆی دەگەڕێتەوە ئەوەش كەس نازانێت لە چی بانكێك و لە چ حسابێكدا دادەنرێت و بەتەواوەتی چەندەیە”.

بە بۆچوونی موسەننا ئەمین:” هیچ كارێكی وا هەڵە و نایاسایی ناشەفاف و نادەستوری تێناپەڕێت دەبێت لەخاڵێكدا بوەستێت، پێویستە حكومەتی هەرێم لەدوای دەرچونی بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی هەڵوێستەیەكی بكردایە لەسەر ئەم بابەتە و بیكردایە دەرفەتێك بۆ ڕاستكردنەوەی گرێبەستەكان و بۆ هاوتاكردنی نرخی نەوتی هەرێم لەگەڵ نرخی سۆمۆ بۆ شەفاف كردنی ئەو ژمارە حسابیانەی كە پارەی تێدا دادەنرێت، گەندەڵیەكانی بواری نەوتی چارەسەربكردایە. ”

موسەننا ئەمین لە كۆتایی قسەكانیدا ڕایگەیاندووە”ئەوەی‌ بەسەر هەرێمدا هاتوە بەئاسانی تێناپەڕێت، من بەڕون و ئاشكرایی بە وەفدی هەرێمم وتوە كاتی خۆی و ئێستاش لەم مینبەرەوە دوبارەی دەكەمەوە كە ئەمجۆرە مامەڵەیەی نەوتی هەرێم و حكومەتی هەرێم لەگەڵ دەسەڵاتی فیدڕاڵی وەكو چۆن قوتی خەڵكی بڕی و رزقی خەڵكی كردە ناو جۆرێك لەقومار قومارێك لەسەر بۆرسەكانی نەوت پارەی نەوت زۆر بو و موچە نەبو و نەبونی بو، هەرئاوا ڕەنگە سەری هەرێمیش بخوات، سبەینێ ئەمە ببێت بەهۆكاری ئەوەی كە ئەوان چۆن ئێستا كۆرمۆر كەوتەبەر موشەك ڕەنگە سبەینی بكەوێتە بەردەم هێرشی ڕاستەوخۆی سەربازی بۆیە ئەمە دەرئەنجامێكی خراپە دەبێت حكومەتی هەرێم بەهۆش بێتەوە بۆ ئەمجۆرە مامەڵەكردنە”.