سەردێر

بەسرە، لە شەڕێكی خێڵەكیدا تۆپ و هاوەن و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بەكارهێنران

سێ‌ كوژراو هەیە

خەڵك-
سەرچاوەیەكی ئەمنی لە پارێزگای بەسرە ئاماژەى بە دروستبوونی ناكۆكییەكی خێڵەكی كرد كە تێیدا تۆپ و هاوەن و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بەكارهێنران.


لە شەڕێكی خێڵەكی كە لە قەزای گەرمەی باكووی بەسرە لەنێوان خێڵی حەمادنە و بەتوت ڕویدا، وەك سەرچاوەكان باسی دەكەن، تۆپ و هاوەن و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بەكارهێنران، ئەمەش یەكەمجار نییە كە لەو جۆرە ناكۆكییە خێڵەكیانەدا چەكی قورس بۆ ڕووبوڕووبوونەوەی یەكتر بەكاردەهێنرێت، بەبێ‌ ئەوەی حكومەتی عیراقی بتوانێت بەشێوەیەكی ڕیشەیی چارەسەری ئەو كێشە بكات و ڕەوشەكە لەوبارەیەوە كۆنترۆڵ بكات.

سەرچاوەیەكی ئەمنی لەو بارەیەوە بە میدیاكانی عیراقی ڕاگەیاندووە”فەرماندەیی ئۆپەۆراسیۆنە سەربازییەكان بە هێزێكی تۆكمەوە چوونەتە قەزای گەرمە بۆ كۆنترۆڵكردنی ڕەوشەكە و توانیویانە هەردوو خێڵەكە لەیەكتر جیابكەنەوە و شەڕەكە ڕابگرن”.

سەرچاوەكان باس لە كوژرانی سێ‌ كەس دەكەن لە هەردوو خێڵی حەمادنە و بەتوت بەهۆی ئەو ناكۆكییەی لە دوێنێ‌ پێنج شەممەوە لەنێوانیاندا دروستبووە.

ناكۆكییە خێڵەكییەكان لە پارێزگاكانی باشووری عیراق، بۆ چەندان ساڵە بەردەوامن، بەبێ‌ ئەوەی حكومەت و هێزە ئەمنییەكان بتوانن كۆنترۆڵیان بكەن و كۆتاییان پێبهێنن كە بە بۆچوونی هەندێك هۆكارەكەی بۆ پێشێلكردنی یاسا و چەكی بێ‌ مۆڵە و هەندێك لە دابونەریتە ماوەبەسەرچووەكان دەگەڕێتەوە.