سەردێر

كۆریای باكوور بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا لە وڵاتەكەیدا ڕادەگەیەنێت

دراوسێكەی تۆمەتبار دەكات

خەڵك-
ئەمڕۆ هەینی میدیا فەرمییەكانی كۆریای باكوور، یەكەم بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵاتەكەیان ڕادەگەیەنن و دەڵێن، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە بەهۆی بەركەوتی تووشبوانەوە بووە بۆ “چەند تەنێكی نامۆ” لە نزیك سنورەكانی كۆریای باشوور كە پێدەچێت دراوسێكەی تۆمەتبار بكات بە بڵاوكردنەوەی پەتاكە لە وڵاتدا.

لەگەڵ ڕاگەیاندنەكەی كۆریای باكوور، بۆ ئاكامی لێكۆڵینەوەیەك لەو بارەیەوە، فەرمان بە دانیشتوان كرا، بەئاگابن لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو تەنە نامۆیانەی كە ڕەشەبا دەیانهێنێت، یان لەگەڵ دیاردەكانی كەشوهەوا و باڵۆنەكان لەو ناوچانەی دەكەونە نزیك هێڵی سنوری لەگەڵ كۆریای باشوور.

ئاژانسی فەرمی كۆریای باكوور بەشێوەیەكی راستەوخۆ باسی بابەتەكەی نەكرد، بەڵام بۆ دەیان ساڵ دەچێت، هاووڵاتیانی هەردوو كۆریا لەڕێی باڵۆنەوە لە نزیك سنورەكان، لەڕێی باڵۆنەوە، یارمەتی مرۆیی دەگەیەنن و نامە ئاڵوگۆڕ دەكەن.

هەر لەو بارەیەوە، وەزارەتی یەكگرتنی كۆریای باشوور كە بەرپرسە لە كاروباری نێوان هەردوو كۆریا ڕایگەیاند”ناكرێت ڤایرۆسی كۆرۆنا لەڕێی ئاڵوگۆڕكردنی نامە و یارمەتییە مرۆییەكانەوە بچێتە نێو كۆریای باكوور”.