سەردێر

چوارچێوەی هەماهەنگی: پارتی و یەكێتی ڕێكدەكەون

خەڵك-
پەرلەمانتارێكی چوارچێوەی هەماهەنگی، جەخت لەسەر گەیشتنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان دەكاتەوە بە ڕێككەوتنێكی نیمچە كۆتایی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری داهاتوو.

سوهەیلە سوڵتانی پەرلەمانتاری چوارچێوەی هەماهەنگی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:”چوارچێوەی هەماهەنگی دەستپێشخەرییەكی پێشكەش كرد كە ئاسانكارییە بۆ ڕێككەوتن و كۆتایی هێنان بە تەنگژەی نێوان دوو حزبە كوردستانییەكە، چونكە پێكهێنانی حكومەت لەڕێی ڕاگەیاندنی فەرمی كەسێتی سەرۆك كۆمارەوە دەبێت لەلایەن هەردوو حزب و پاشان دەنگدان لەسەری لەنێو پەرلەمان لەماوەی چەند ڕۆژی داهاتوو”.

بە وتەی پەرلەمانتارەكەی چوارچێوەی هەماهەنگی”تائێستا دەرهاویشتەكان ئەرێنین لەنێو كۆبوونەوەكان و چوارچێوەی هەماهەنگیش هەنگاو بەرەو پێكهێنانی حكومەتێكی تەوافوقی هەڵدەنێت كە هەموو هێزە سیاسییەكان بەشداریی تێدا بكەن”.

بەپێی دەستوری عیراقی، هەنگاوی دووەم لە پاش دەنگدان لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان، خۆی لە دەنگدان لەسەر كاندیدی سەرۆك كۆمار دەبینێتەوە، پاشان سەرۆك كۆماری نوێ‌ كاندیدی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی ڕادەسپێرێت بۆ پێكهێنانی حكومەت و پێشكەشكردنی بۆ پەرلەمان، تا لە ماوەی یەك مانگ لەدوای ڕاسپاردنەكە، متمانەی وەربگرێت.