سەردێر

هەولێر؛ بەهۆی خراپی و دەستكاریكردنی كوالیتیی بەنزین نزیكەی 50 بەنزینخانە داخرا

خەڵك –
پارێزگای هەولێر ڕایدەگەیەنێت ، بەهۆی خراپی فرۆشتنی بەنزین و دەستكاریكردنی كوالیتییەكەی 46 بەنزینخانەی تر، لەسنوری پارێزگا سزادران.

پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، بەهۆی خراپی ئەو بەنزینەی دەیفرۆشن بەهاووڵاتیان و لەبەرامبەر دەستكاریكردنی كوالیتی بەنزین، لەماوەی دوو هەفتەدا (46) بەنزینخانەی دیكە لەهەولێر و دەوروبەری لەلایەن لیژنەی پشكنین و چاودێریكردنی بەنزینخانەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی هەولێر سزادراون و ڕێكاری یاسایی لەبەرامبەر خاوەنەكانیان گیراوەتەبەر.

ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، كە كۆی گشتی ئەو بەنزینخانەی لەسەرەتای ئەم مانگەوە تاكو ئەمڕۆ سزادراون (122) بەنزینخانەن، لەو ژمارەیەشدا (3) بەنزینخانە بەهۆی دووبارەكردنەوەی سەرپێچی و فرۆشتنی بەنزینی خراپ و دەستكاریكردنی كوالیتیی، ناوەكانیان بڵاو دەكەنەوە.

ناوی بەنزینخانەكان:-
یەكەم/ بەنزینخانەی فیراری
دووەم/ بەنزینخانەی هیوا/ تەیراوە
سێیەم/ بەنزینخانەی رۆڤا

هاوكات لەڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، تیمەكانی لیژنەی پشكنین و چاودێریكردنی بەنزینخانەكان بەردەوامن لەگرتنە بەری ڕێكاری یاسایی پێویست بەرامبەر هەر كەس و خاوەن بەنزینخانانەیەك كە بەنزینی خراپ دەفرۆشنە هاووڵاتییان و دەستكاری كوالێتی بەنزین دەكەن.

داواش لەهاووڵاتیان دەكەین لەكاتی تێبینیكردنی هەر جۆرە سەرپێچیەك لە بەنزینخانەكان و فرۆشتنی بەنزینی خراپ و دەستكاریكردنی كوالێتیەكەی لەزووترین كات ئاگاداری قائیمقامیەتی ناوەندی هەولێر بكەنەوە.