سەردێر

فەتح: حكومەت دوای جەژن پێكدەهێنرێت

خەڵك-
غەزنەفەر بەتیخ ئەندامی هاوپەیمانی فەتح، جەخت لەسەر دەستپێكردنی دانوستانەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەكاتەوە لەگەڵ هێز و فراكسیۆنە سیاسییەكان، ئاماژە بە پێكهێنانی حكومەتیش دەكات لەپاش جەژنی قوربانی پیرۆز.


ئەمڕۆ پێنج شەممە، بەتیخ لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”كەشەكە لەبارە و چوارچێوەی هەماهەنگی هیچ ناكۆكییەكی نییە لەگەڵ هێز و فراكسیۆنە سیاسییەكان، ئەو ڕێككەوتنەى هەیە تەئكید لەسەر پەلەكردن لە پێكهێنانی حكومەت دەكاتەوە كە بە یەك بەرچنە دەبێت و خۆی لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران و كابینەی وەزاری و پاشان كارنامەی حكومەتدا دەبینێتەوە”.

بە وتەی ئەندامەكەی هاوپەیمانی فەتح”یەكلایی كردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار لەنێوان حزبە كوردییەكان، كلیلی حكومەتی داهاتووە كە پێویستی بە ئامادەبوونی 220 پەرلەمانتار هەیە بۆ تێپەڕاندنی كاندیدەكە، حكومەتی داهاتووش، حكومەتێكی خزمەتگوزار دەبێت لە هەموو بوارەكان و بە تایبەتیش لە بواری ئابوری”.

چوارچێوەی هەماهەنگی بووە گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی، دوای ئەوەی 40 پەرلەمانتاری تر چوونە پاڵ هاوپەیمانییەكە، لە هەمان كاتدا سودی لە دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی سەدری وەرگرت كە هێندەی تر بووە مایەی دەستباڵابوونی لە دۆسێی پێكهێنانی حكومەت و دابەشكردنی پۆستەكان.