سەردێر

لە هەرێمی كوردستان و عێراق جەژنی قوربان دیاریكرا

خەڵك-
دوابەدوای ڕاگەیاندنی بینینی مانگی (زولحیجە) لەلایەن سعودیەوە و دیاری كردنی جەژنی قوربان، هەریەكە لە دیوانی وەقفی سوننی عێراق و وەزارەتی ئەوقافی هەرێم جەژنی قوربانیان دیاری كرد، بەڵام سیستانی ڕۆژی دواتر دەكات بە جەژن.

نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێم بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ڕۆژی (٨ )ی تەمموز وەستانی حاجیانە لەکێوی عەرەفە و ڕۆژی ( ٩) تەمموز یەکەمین ڕۆژی جەژنی قوربانی پیرۆزە.

لای خۆشیەوە، دیوانی وەقفی سونی لە عێراق ڕایگەیاند، سبەی پێنج شەممە یەکەم ڕۆژی مانگی (زولحیجە)یە و ڕۆژی هەینی داهاتوو عەرەفەیه و ڕۆژی شەممە 2022/07/09 یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربانی پیرۆزە.

بەڵام ئایەتوڵا عەلی سیستانی، گەورە مەرجەعی شیعەكانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، كە ئەم ئێوارەیە مانگ نەبینراوە و سبەینێ‌ تەواوكەری مانگی كۆچی دەبێت و ڕۆژی هەینی یەكەم ڕۆژی مانگی (زولحیجە) دەبێت و بەوهۆیەوە ڕۆژی یەك شەممە 10ی تەمموز دەبێتە جەژنی قوربان.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە ئێوارەی ئەمڕۆ چوار شەممە، عەرەبستانی سعودیە لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئێوارەی ئەمڕۆ هیلالیی مانگی (زولحیجە) بینراوە و بەهۆیەوە بڕیاردرا سبەینێ‌ یەكەم ڕۆژی مانگی نوێی كۆچی بێت.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ڕۆژی هەینی 8ی تەمموز دەبێتە ڕۆژی ڕاوەستانی حاجییان لە عەرەفە و ڕۆژی دواتر شەممە 9ی تەمموز یەكەم ڕۆژی جەژنی قوربانی پیرۆز دەبێت.