سەردێر

نرخی بەنزین لە هەرێم هەرزان دەبێت

خەڵك-ئارام سەردار

بڕیارە لەماوەی هەفتەی داهاتوودا، پاڵاوگەی لاناز بە بەرهەمی ڕۆژانەی دوو ملیۆن لیتر بەنزین بكەوێتە كار، سەرۆكی ئەنجوومەنی بەنزینخانەكانی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر حكومەت پاڵپشتی بكات دەتوانێ بەنزین بەنرخی ٨٠٠ دینار بفرۆشێت و نرخی بەنزینیش هەرزان دەبێت.

سیروان عەبدوڵا، سەرۆكی ئەنجوومەنی بەنزینخانەكانی هەولێر بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، لەهەولێر پاڵاوگەی لاناز كەیەكێكە لەگەورەترین پاڵاوگەكان و بەرهەمی ڕۆژانەی دەگاتە دوو ملیۆن لیتر بەنزین تەواو بووە، هەرچەندە بڕیاربوو لەم هەفتەیە بەنزین بخاتە بازاڕ، بەڵام هەندێ كاری تەكنیكی ماوە كاری لەسەر دەكەن و چاوەڕوان دەكرێت تا هەفتەی داهاتوو بەرهەمی پاڵاوگەكە بخرێتە بازاڕەوە.

دەشڵێت: “ئەوەی ئێستا هەیە حكومەت بەنزینی ٦٩٠ دیناری بۆ پاس و تەكسی تەرخان كردوە و ٨٠٠ دیناریش بۆ هەموو جۆرەكانی تر دابین كراوە، بەشێكیش لەبەنزینخانەكان بەنزینی بازرگانی دەفرۆشن، كەڕۆژانە نرخی دەگۆڕێت”.

ئاشكراشی كرد، ئەو پاڵێوگەیە چاوەڕوان دەكرێت سەرەتا نزیكەی ملیۆنێك و ٥٠٠ هەزار لیتر بەرهەم بهێنێت تا ڕێژەكەی دەگاتە دوو ملیۆن لیتری ڕۆژانە.

ئەوەشی خستەڕوو، پاڵاوگەكە هی كەرتی تایبەتە لەبەرئەوە نرخی بەنزینەكەی بەپێی نرخی نەوت لەجیهان زیاد و كەم دەكات، بەڵام ئەگەر حكومەت پاڵپشتی ئەو پاڵاوگەیە بكات دەتوانێ بەنزین بەنرخی ٨٠٠ دینار بۆ هەر لیترێك بفرۆشێت، لەهەمان كاتیشدا بەخستنە بازاڕی ئەو ڕێژە زۆرەی بەنزین كاریگەری لەسەر نرخی بەنزین بەگشتی دەبێت.