سەردێر

سێ‌ ناو بۆ سەرۆكایەتی حكومەتی نوێی عیراق ئاشكرا دەكرێن

خەڵك-
سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار، باس لە وردەكاریی كۆبوونەوەكانی ئێستای نێوان سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەكات و دەڵێت، سێ‌ ناو پێشنیازكراون بۆ سەرۆكایەتی حكومەت كە لەماوەی سێ‌ ڕۆژی داهاتوو ئاشكرا دەكرێن.

ئەمڕۆ چوار شەممە، سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار بە میدیا عیراقییەكانی ڕاگەیاندووە”تائێستا چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە بەشێوەیەكی فەرمی و ڕاستەقینە پرسی كاندیدكردنی كەسێتییەكانی بۆسەرۆكایەتی وەزیران بۆ قۆناغی داهاتوو باس نەكردووە، ئەو دەنگۆیانەی بڵاوبوونەوەتەوە لەم بارەیەوە، دوورن لە ڕاستییەوە”.

بە وتەی سەرچاوەكە كە نەیویستووە ناوی خۆی ئاشكرا بكات”ئەو ناوانەی بۆ سەرۆكایەتی وەزیران و بۆ ماوەی داهاتوو پێشنیازكراون لە گفتووگۆی نێوان هەندێك لە سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی كە بەشێوەیەكی نافەرمی بووە، هەریەك لە (ئەسعەد عێدانی پارێزگاری بەسرە و قاسم ئەعرەجی ڕاوێكاری ئاسایشی نەتەوەیی،و محەمەد شیاع سودانی وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی پێشوون)، هەر ناوێكی تر لە دەرەوەی ئەم ناوانە باسبكرێن، دوورە لە ڕاستییەوە”.

سەرچاوەكە دەڵێت”بەپێی ئەو پێوەرانەی لەلایەن سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە دادەنرێن، لە كۆبوونەوەكانی داهاتوودا هەڵبژاردنی سەرۆكی حكومەت یەكلایی دەكرێتەوە”.