خەڵك-
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی بۆ وەرزی هاوین دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیان، كە “كێشەی ئاوی خواردنەوە نابێت” و ڕایدەگەیەنێت، جاروبار ئەگەر كێشە لە پڕۆژەكان و پەمپەكان دروست ببێت یان شكاوییەك هەبێت كەمێك پێدانی ئاو دوادەخات.
ئامانج جەلال، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لە هاوینی ئەمساڵدا كێشەی بێ ئاوی ڕوونادات و ئاوی پێویستی خواردنەوە هەیە و كارمەندان لە كاركردنی بەردەوام و بێ وچاندان بۆ دابین كردنی ئاوی پاك بۆ هاووڵاتیان.
ڕاشیگەیاند، ئەگەر شكاوییەك یان كێشەیەك لە پەمپ و پڕۆژەكان ڕووبدات ئەوە تاكو چاك دەكرێتەوە دابەشكردنی ئاو دوادەكەوێت، بەڵام كێشەی دابین كردنی ئاوی خواردنەوە نییە و خشتەی پێدانی ئاو بە گەڕەكەكان نەگۆڕاوە.
جەختیشی كردەوە، ئەو گەڕەكانەی تۆڕی ئاویان نییە لەڕێگەی تەنكەرەوە ئاوی پاكیان بۆ دابین دەكرێت و پشكنین بۆ ئاوەكە دەكرێت.
بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی لەڕێگەی پڕۆژەكانی ئاوی دوكان سلێمانی (هێڵی یەك و دوو) هەروەها پڕۆژەی ئاوی سەرچنارەوە ئاوی پاكی خواردنەوە بۆ شاری سلێمانی و دەورووبەری و پیرەمەگروون و ئەلایی و بازیان و تەكیە و چەمچەماڵ دابین دەكات.